پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی ئاشكرا كرد

ناوەندی هەواڵەكان

بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەكان، خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، لەوانە پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی بۆ چاودێریی كردنی ماددە كیمیاویی و ئەتۆمییەكان.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سبەی پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک دەكرێت و دەنگیان لەسەر دەدرێت، لەوانە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی بۆ چاودێریی كردنی ماددە كیمیایی و ئەتۆمییەكان دەدرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەكانی عێراق ئامادە دەبێت و چەند پرسیارێكی ئاڕاستە دەكرێت.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بڕیارە سبەی كاتژمێر ١ـی پاش نیوەڕۆ كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت.

جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٣٠ـی ئەیلول پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە، یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی كۆبوونەوەكە، دەنگدان بوو لە سەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، لە کاتێکدا دوای زیاتر لە چوار كۆبوونەوە، بە هۆی بەربەستەكانی لایەنە شیعە و سوونەكان نەتوانراوە دەنگ لە سەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت و لە کارنامەی دانیشتنی داهاتووشدا بە هیچ جۆرێک باسی لێوە نەکراوە.

هـ.ئ

Comments are closed.