كۆمسیۆن: هەڵبژاردنەكانی عێراق ٢٥٠ هەزار كەس دادەمەزرێنێت

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە كۆی ملیۆنێك داواكاری، ٢٥٠ هەزار كەس بۆ چاودێریی كردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژارنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دادەمەزرێنن، دەشڵێت، تا ئێستا هیچ كێشەیەك لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نییە.

عیماد جەمیل وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی دامەزراندنی كارمەندانی كۆمیسۆن و بەرێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، بۆ میدیا عێراقییەكان زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو.

عیماد جەمیل بە كەناڵی غەدیری ڕاگەیاندووە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا كۆمسیۆن تیروپشكێك بۆ هەڵبژاردنی ٢٥٠ هەزار فەرمانبەر لە كۆی ملیۆنێك داواكاری ئەنجام دەدات، ناوی وەرگیراوانیش لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڵاو دەكرێتەوە، دەشڵێت: كۆمسیۆن كاتێكی دیاریکراوی بە هێزە سیاسییەكان داوە بۆ ئەوەی ئەو كاندیدانەیان بگۆڕن، كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕەت كراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئێستا هیچ كێشەیەك لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا نییە، دوای تەواوبوونی ژماردنی ئەلیكترۆنی، ژماردنی دەستیش بۆ دەنگەكان ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە بنكەکانی دەنگدان كامێرای چاودێریی دانراوە، كە دەنگ و ڤیدیۆ تۆمار دەكات.

حكومەتی عێراق ١٨ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاری كردووە، هەروەها پاڵپشتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپات كردووەتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.