بە تۆمەتی بەعسیبوون نزیکەی ١٠٠ کاندید لە عێراق دوورخرانەوە

ناوەندی هەواڵەكان

بەپێی ڕێكارەكانی ڕیشەكێشكردنی حزبی بەعس و بە تۆمەتی پەیوەندییان بە حزبی بەعسەوە، نزیكەی ١٠٠ كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دوورخرانەوە، كە چەند كاندیدێكی دیاریان تێدایە.

ڕۆژنامەی “ئەلمەدا” لە زاری سەرچاوەیەكەوە ژمارەی ئەو كاندیدانە دەخاتە ڕوو، كە تۆمەتبارن بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حزبی بەعسی عێراق.

ڕۆژنامەكە بڵاوی كردووەتەوە، شەش هەزار كەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كاندید كردووە، دەسەڵاتی دادوەریی نزیكەی ١٠٠ كەسیانی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی بە حزبی بەعس و بوونی بەرپرسیارێتییان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، دوورخستەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، نەجم جبووری، پارێزگاری ئێستای نەینەوا، خەزعەل عەوادی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل و تورهان عەبدول ڕەحمان سەركردەی دیاری بەرەی توركمانی لە كەركووك، سێ كەسی دیارن لەوانەی لە كاندید بوون دوورخراونەتەوە بەهۆی بەعسیبوونیانەوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەم ڕێكارە لە دوای بەڵێنێكی محەمەد شیاع سوودانییەوە دێت، كە بەڵێنی دابوو دۆسییەی ئەوانەی تۆمەتبار دەكرێن بە هەبوونی پەیوەندیی بە حزبی بەعسەوە بگوێزێتەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی، بۆ ئەوەی لە دەستوەردانی سیاسیی دوور بخرێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.