سوودانی بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ سەرجەم شۆفێران دەركرد

ناوەندی هەواڵەكان

بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی عێراقەوە، محەمەد شیاع سوودانی بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە سزای پارەی سەرجەم ئەو شۆفێرانەی، كە سەرپێچی ئەنجام دەدەن، هاوكات دەرگای ناوچەی سەوزیشی بەڕووی هاتووچۆی هاوڵاتییاندا كردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق، لەبارەی بڕیاری لێخۆشبوون لە سەرجەم ئەو شۆفێرانەی، كە لە ئەمڕۆ تا سبەینێ سەرپێچیی ئەنجام دەدەن، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە بۆنەی ڕۆژی نیشتیمانی عێراقەوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ شۆفێرانی سەرپێچیكار دەکرد لە ئەمڕۆوە تا سبەینێ، هەروەها ناوچەی سەوزیشی بەڕووی هاوڵاتییاندا تا سبەینێ کردەوە.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتوچۆی عێراق داوا لە شۆفێران دەكات، لە یادی ڕۆژی نیشتیماندا بە مەبەست سەرپێچی نەكەن، لە پێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان و سەلامەتی هاوڵاتییان.

حكومەتی عێراق لە مانگی شوباتی ساڵی (٢٠٠٨)ـدا بڕیاریدا ڕۆژی ٣ـی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك بكرێتە پشووی فەرمی، بە مەبەستی ئاهەنگ گێڕان، بە بۆنەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی عێراق، ئەوەش لە ٣ـی تشرینی یەكەمی ١٩٣٢ بوو.

هـ.ئ

Comments are closed.