پەرلەمانتارێك: تا ئێستا پڕۆژە یاسای نەوت و غاز نەگەیشتووەتە پەرلەمان

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە هۆی یەكلایی نەكردنەوەی خاڵە ناکۆکەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت و غاز، تا ئێستا پڕۆژە یاساكە نەگەیشتووەتە دەست لیژنەكەمان، دەشڵێت: پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە پەیوەستە بە چارەسەركردنی خاڵە ناکۆکەکانەوە.

عەلی عەبدول ستار ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دواكەوتنی ناردنی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز بۆ پەرلەمان، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.

عەلی عەبدول ستار ڕایگەیاندووە، خاڵی ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی هۆكاری دواكەوتنی ڕەوانە نەكردنی پڕۆژە یاسای نەوت و غازە بۆ پەرلەمان، هەروەها حكومەتی ناوەندی ڕەتی دەكاتەوە گۆڕانكاری لەو بڕگانەدا بكات، كە حكومەتی هەرێم داوای هەمواركردنەوەیان دەكات.

ئاماژەی بەوەش كردووە، گفتوگۆكانی نێوان وەزارەتی نەوت و لیژنەكانی حكومەت عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوامە، هەروەها پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكەش پەیوەستە بە چارەسەركردنی خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیانەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو، دوای چارەسەركردنی كێشە و ناکۆکییەکانیان، لەم خولەی ئێستای پەرلەماندا پڕۆژە یاساكە پەسەند دەكرێت.

جێگەی ئاماژەیە، یەكێك لەو كێشانەی ماوەی چەندین ساڵە ناكۆكی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای نەوت و غازە، لە ئێستادا هەوڵێك لە نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم هەیە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نەوت و غاز، بۆ ئەو مەبەستەش چەند لیژنەیەك لە هەردوولا پێكهێنراوە.

هـ.ئ

Comments are closed.