نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا سەردانی مەزاری مام جەلال-یان کرد

ناوەندی هەواڵەکان

لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق و سەرۆکی پێشووی یەنەکە، نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان تاجەگوڵینەی ڕێزیان لەسەر مەزارگەکەی دانا.

ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، شاندێکی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، تاجە گوڵینەی وەفا و بیرهێنانەوەی لە سەر مەزاری سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق و سەرۆکی پێشووی یەنەکە دانا، وەک ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی.

شاندەکەی نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا پێکهاتبوو لە ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی، فەتحوڵا حسێنی و زەهییە ئالڕەشی، بەشدارییان لە مەراسیمی یادکردنەوەکەدا کرد و لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆیان بۆ سەرکردایەتیی و ئەندامانی یەنەکە دەربڕی.

دەقی پەیامەکەی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان:-

ئەمڕۆ ٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، شەشەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی “یەکێتی نیشتمانی کوردستان” تێدەپەڕێت.

لەم ڕۆژەدا، کە بۆ گەلی کورد و تەواویی کوردستان جێی داخ و پەژارەیە بە ڕێزەوە یادی خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال لە لوتکەی چیاوە تا سەرۆکایەتی کۆمار، کە یەکەم سەرۆک کۆماری کورد و عێراقە، بەبیر دەهێنینەوە.

هاوکات لەم یادەدا، لەسەر بنەمای خزمەتکردن بە بەرژەوەندی و پاراستنی گەلەکەمان، جەخت لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەینەوە.

ئەمڕۆ شەش ساڵ تێپەڕبوو بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال، سکرتێری یەنەکە و سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق، کە ساڵی ٢٠١٧ دوای پێنج ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

ش. ئـ

Comments are closed.