قەشەی كریستیانییەكانى موسڵ: ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی ناوخۆ نادادپەروەرانەیە

نەینەوا

قەشەی كریستیانییەكانی موسڵ ڕایگەیاند، بڕیارەكانی ئەم دواییەی لیژنەی لێكۆڵینەوە سەبارەت بە ڕووداوەكەی حەمدانییە نادادپەروەرانەیە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەین، دەشڵێت، ئەنجامەكان نائومێدكەر بوون بۆ خەڵكی عێراق.

مار بندكتوس یونان حنو، قەشەی كریستیانییەكانی موسڵ لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ڕووداوەكەی حەمدانییە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامدا.

مار بندكتوس یونان حنو لە كۆنگرەكەدا ڕایگەیاند، بڕیارەكانی ئەم دواییەی لیژنەی لێكۆڵینەوە سەبارەت بە ڕووداوەكەی حەمدانییە نادادپەروەرانەیە، چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەین، پێش ئەوەی خۆپیشاندان سەبارەت بە كارەساتەكەی حەمدانییە دەست پێ بكەین.

ئاماژەی بەوەش كرد، گەلی عێراق گوێیان لە ڕاسپاردەكانی لیژنەی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە ڕووداوەكەی حەمدانییە بوو، ئەنجامەكانیشی نا ئومێدكەر بوون بۆ خەڵكی عێراق، ڕێكارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەكە یاسایی نەبوون.

ئەوەشی خستە ڕوو، داوا لە سەرۆكی حكومەت دەكەین، بەدواداچوونێكی پێویست ئەنجام بدات، بۆ گەیشتن بە ڕاستی و درووستی ڕادەی كەمتەرخەمی بەرپرسانی حەمدانییە، كە لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، ئەگەر دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گونجاو كەمتەرخەمی ئەو بەرپرسانە سەلمێندرا، ئەوا با بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

دەشڵێت، لەوەتەی ڕووداوەكە ڕوویداوە ناخی هەموو خەڵك بریندارە، داواكارین ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئاستی وڵات فراوان بكرێت، ئەوانەی كەمتەرخەم بوون لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، هەروەها لەبەر پابەندبوون بە حیكمەت و عەقڵ و لۆژیكەوە پەنا بۆ لایەنی یاسایی دەبەین، چونكە مەسیحییەكان پابەندن بە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەكان بۆ گەیشتن بە ڕاستی پێش ئەوەی هەر هەڵوێستێكی دیكە بگرنە بەر.

باسی لەوەش كرد، دوێنێ شاندێكی دەسەڵاتی دادوەریی بە نوێنەرایەتی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا سەردانی ئێمەیان كرد، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان پێگەیاندین، بەڵێنیان پێداین، كە لە لێكۆڵینەوە یاساییەكان بەردەوام بن، تەنها ئەنجامی لێكۆڵینەوە یاساییەكان ببێتە بڕیاری یەكلاكەرەوە، سەلمێندرا هەر كەسێك تاوانبارە سزا دەدرێت، ئێمەش لە بەرامبەردا ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەی دادوەری پەیڕەو دەكەین.

لە كۆتاییشدا دەڵێت، داوا دەكەین بە خێرایی لێكۆڵینەوەكان تەواو بكرێت و هەر كەسێك تاوانبارە ئاشكرا بكرێت، بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەكانی بەدواداچوونە كارگێڕی و دادوەرییەكانین، تا ئەو كاتە پابەندین بەو هەڵوێستی خۆمانەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.