مەهران ڕەمەزان
لێپرسراوی بەشی گەنجانی مەڵبەندی ١ـی یەنەکە، ئیدانەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت: داوا لە گەنجانی وڵاتەکەمان دەکەین یەکگرتوو بن و ڕووبەڕووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و خیانەتی پەدەکە ببنەوە و وڵاتی خۆیان جێ نەهێڵن بۆ بێگانە و خیانەتکاران.
بڵند ساڵح لێپرسراوی بەشی گەنجانی مەڵبەندی ١ـی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەنەکە لە شاری سلێمانی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و خیانەتی پەدەکە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
هەڵوێستتان چییە لە بەرامبەر ئەو هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامی دەدات؟
بڵند ساڵح: وەک حزبی یەنەکە زۆر بە توندی ئیدانەی هەموو ئەو هێرشانە دەکەین، کە دەوڵەتی فاشیستی تورکی داگیرکەر دەیکات بەرامبەر خاکی کوردستان و ئازاری گەلی کورد دەدات، لە هەمان کاتدا پاڵپشتی تەواوی بەشەکانی تری کوردستان دەکەین، کە لە دژی دوژمنانی کورد وەستاونەتەوە و شۆڕش دەکەن.
بۆچی دەوڵەتی فاشیستی تورک، ناوچە مەدەنییەکان و خەڵکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج؟
بڵند ساڵح: دەوڵەتی تورک دژی تاک بە تاکی گەلی کورد و سرووشتەکەیەتی، نەک تەنها ئەوانەی خەباتی چەکداریی دەکەن، لە هەمان کاتدا دژی ئەوەیە کە گەلی کورد شوێنێکی هەبێت بۆ ئەوەی تێیدا بژیت، لە ڕێگەی ئەم داگیرکارییانەی ئەنجامی دەدات دەیەوێت ئەوە نیشانی نەتەوەی کورد بدات، ئەگەر لە ژێر دەساڵاتی تورکیادا نەبن هەر لەم ئەشکەنجەیەدا دەژین، ئەم کارانەشی دەیکات لە پێش چاوی وڵاتانی جیهانە بەڵام هیچ وڵاتێک لەسەر ئەم هێرش و داگیرکارییانە نایەتە وەڵام.
گەنجان وەک زیندووترین توێژی کۆمەڵگە، پێویستە چۆن ڕۆڵ ببین لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک؟
بڵند ساڵح: گەنجان نیگەرانن لە بەرامبەر هەموو ئەو داگیرکارییانەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەروونیان درووست کردووە، چونکە دەبینن ڕۆژانە لە پێش چاویان خاک و وڵاتیان داگیر دەکرێت، خەڵکی مەدەنی و شۆڕشگێڕ دەکرێنە ئامانج و شەهید دەکرێن.
کاریگەریی داگیرکاریی چۆنە لەسەر بیرکردنەوەی گەنجان؟ پێویستە گەنجان چۆن خۆیان بپارێزن؟
بڵند ساڵح: هەموو ئەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات یەک ئامانجی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بیری کۆچکردن و جێهێشتنی وڵات بخاتە مێشکی گەنجانەوە، بەڵام گەنجانی کورد دەبێت هۆشیار بن و بە باشی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، نەکەونە ژێر کاریگەری ئەم هێرشانەوە، ئەرکی حوکمەتی هەرێمی کوردستانە گەنجان هۆشیار بکاتە و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا بووەستنەوە.
سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بۆچی پەدەکە هاوکارییان دەکات؟
بڵند ساڵح: پەدەکە وا دەزانێت ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا پشتگیری نەکات ناتونێت وەک حزبێکی باڵادەست لە هەرێمی کوردستا بمێنێتەوە، بۆیە هاوکارییان دەکات بۆ ئەوەی بارەگا بکەنەوە لە ناو خاکی هەرێمدا، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر کوردستان.
وتیشی: ئەو کارانەی پەدەکە دەیکات بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەرنامەکانی بە تەواوەتی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەریی تورک یەک دەگرێتەوە، لە دوای ٣١ـی ئاب چەندین ناوەندی دەزگای میتی تورکیان هێناوەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، ئەو کەسانەش دەکاتە ئامانج، کە خزمەتی خاکی کوردستان دەکەن، زیندووترین نمونەش هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، کە هێزەکانی دژەتیرۆری یەنەکەی لێبوون، خەریکی مەشق و ڕاهێنان بوون، بە هۆیەوە سێ ئەندامیان شەهیدبوون.
لە کۆتاییدا وەک لێپرسراوی بەشی گەنجانی مەڵبەندی یەنەکە، پەیامتان چییە بۆ گەنجان، دەربارەی ئەم هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی فاشیستی تورک، بۆ سەر باشووری کوردستان؟
بڵند ساڵح: داوا لە گەنجانی وڵاتەکەمان دەکەین یەکگرتوو بن و بەرنامە دابنێن ڕووبەڕووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و پەدەکە ببنەوە وڵاتی خۆیان جێ نەهێڵن بۆ بێگانە و خیانەتکاران، پێویستە دژیان بووەستنەوە، خاکی خۆیان خۆشبوێت.
ب.گ
Comments are closed.