محەمەد حسێن
دوێنێ لقی سلێمانی بانکی بازرگانی عێراق راکێشانی دۆلاری راگرت بە بیانووی نەبوونی کاش، کارمەندانی بانکەکە دەڵێن، دۆلاری کاشیان نەماوە، لە کاتێکدا ئەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت دۆلارەکانیان ڕابکێشن یان بە کاش دۆلاریان لەوێ هەڵگرتووە، یاخود مانگانە موچەکانیان بە دۆلار بۆ حەواڵە دەکرێتە سەر هەژمارەکانیان لەو بانکە، ئەمانە کارمەندانی رێکخراو، کۆمپانیا و دەزگا نێودەوڵەتییەکانن.
سەرەتای گرفتەکە لە کوێوە هات؟
بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندی عێراق، دەبێت لە ١-١-٢٠٢٤ ڕێگە نەدرێت کەس لە عێراقدا حەواڵەی دۆلاری کاش ڕابکێشێت. بانکەکان حەواڵەی دۆلارەکانیان دەگۆڕنەوە بە دینار و بە نرخی فەرمی دەیدەن بە خەڵک.
ئەم بڕیارە دوای تێکشکانە بەردەوامەکانی بانکی ناوەندی هات لە هەموو ئەو هەوڵانەی، کە بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دای لە ١٤ مانگی رابردوودا.
دوای ئەم بڕیارە لقەکانی هەولێر و سلێمانی بانکەکان هەر لە ئێساتەوە دۆلاریان لە بەردەستدا نەهێشتۆتەوە. بانکی بازرگانی هەرێمایەتی (RT Bank) لە مانگی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە گۆڕینەوەی زۆرەملێی هەموو حەواڵەکانی دۆلار بە نرخی فەرمی دیناری عێراقی، نزیکەی ٤ مانگ پێش ئەو وادەی بۆی دانراوە. لقی سلێمانی بانکی بازرگانی عێراق دوێنێ بە هیچ جۆرێک رێگەی بە ڕاکێشانی حەواڵەی دۆلار نەدابوو.
ئەمەی کە دەگوزەرێت، بە ئاشکرا چەوساندنەوەی بەکاربەرانی ئەم بانکانەیە. وا دیارە ئەم بانکانە دەیانەوێت هەر لە ئێستاوە راکێشانی حەواڵەی دۆلار ڕابگرن. بە هۆی ئەو جیاوازییە گەورەی لە نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلار-بە-دینار هەیە لە گەڵ نرخی بازاڕی ئاڵوگۆڕەکە. ئەم ڕاگرتنە زیانێکی زۆر لە هاوڵاتییان، بەکاربەرانی (clients) بانکەکان دەدات، بەڵام قازانجێکی مفتی ناڕەوا و ناقانونی قۆرغکارانە بۆ بانکەکان مسۆگەر دەکات.
یارییەکە بەم جۆرەیە؛ لەمەولا ئەم بانکانە بە زۆرەملێ ١٠٠ دۆلاری هاوڵاتییان دەگۆڕنەوە بە ١٣٢ هەزار دینار، لە کاتێدا لە بازاڕدا ١٦٠ هەزار دینارە (شتێک زیاتر یان کەمترە). بەمەش بۆ هەر تاکە دۆلارێکی هاوڵاتییان، کە ئەوان بە زۆر دەیگۆڕنەوە، نزیکەی ٢٨ دیناری عێراقی قازانج دەکەن.
کێشەکە هەر تەنها ستەمکردن نییە لەو هاوڵاتییانەی، کە مووچە و پارەی هەڵگیراویان بە دۆلار هاتۆتە ناو ئەم بانکانەوە، بەڵکوو هێندەی تر دۆلار لە بازاڕەکانی کوردستاندا کەم دەکاتەوە؛ ئینجا خۆبەخۆ گرانتریشی دەکات (بەپێی یاسا سادەکەی خواست و خستنەڕوو).
ئەم هاوڵاتییانە هەمیشە سەرچاوەیەکی باشی دۆلاری کاش بوون بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان و عێراق، ئیتر ئەگەر مووچەکانیان بە زۆرەملێ بۆ بکەن بە دینار، ئەوا ئەم سەرچاوەی دۆلاری کاش وشک دەکات.
هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی دەرکردنی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق، لە ماوەی دوو رۆژدا ١٠٠ دۆلار لە ١٥١ هەزار دینارەوە گەیشتە بە ١٦٢ هەزار. ئەمە هێشتا ٣ مانگی ماوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
بەپێی حسابات و لێکدانەوەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی، ئەم هەنگاوەیان بۆ سەقامگیری نرخی دینار و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نافەرمی بوو. بەڵام هەر لە یەکەم رۆژی بڕیارەکەوە نرخی گەڵای ١٠٠ دۆلاری لە ١٥١ هەزارەوە فڕاند بۆ ١٦٢ هەزار دینار.
دەرەنجامی، ئەم گەمەیە چی دەبێت؟
ئەوەی لقی سلێمانی و هەولێری بانکەکان دەیکەن؛ سەرەتا وێرانکردنی ئەو تۆزە متمانەیە، کە خەریکە لە ناو خەڵکدا درووستی دەکەن. ئەمانە بۆ قازانجێکی کورتمەودای مشەخۆرانە، بە تەور خەریکی بڕینەوەی لقە دارەکەی ژێر پێی خۆیانن. بڕە پارەیەکی زۆر پەیدا دەکەن لەسەر حسابی بەکاربەرەکانی خۆیان، بەڵام هێندەی تر متمانەی خۆیان لاواز دەکەن. متمانە بۆ بانک بە قەدەر ئۆکسجین لە ژیانی مرۆڤدا پێویستە.
ئەم بانکانە بەهۆی جیاوازی نرخی فەرمی و نافەرمی دینار بە دۆلار، ڕۆژانە سەدان ملیۆن دینار زیان لە هاوڵاتییانی سلێمانی و هەولێر دەدەن. بە زۆرەملێ دۆلاری خەڵک دەبەن بە ١٣٢٠ دینار بەرامبەر هەر دۆلارێک، لە کاتێکدا لە بازاڕدا ١٦٠٠ دینارە. ئەگەر هەر ئەم بەکاربەرە بیەوێت دۆلار لەم بانکانە بکڕێت، یان بە نرخی بازاڕ پێی دەفرۆشن، یان هەر بۆی دابین ناکەن. ئایا ئەمە رفتاری بانکە ؟
ئەم بانکانە، کە هەر بەناو بانکن و تەنها رۆڵی حەواڵەکردنی پارەیان هەیە، هەرگیز نەیانتوانیوە ئەو رۆڵانە بگێڕن، کە هەر بانکێکی ئاسایی هەیەتی لە کۆکردنەوەی پارە و خستنەگەڕی بۆ وەبەرهێنان و دواتریش پشتگیریکردنی چالاکییە ئابورییەکان. هەربۆیە لە ئێستادا نزیکەی ٨٠% ی هەرچی دیناری عێراقی هەیە لە دەرەوەی بانکەکان و سوڕی ناو بانکەکاندایە.
ئەگەر بەم عەقڵەیەتە کورتبین و مشەخۆرەوە ئیدارەی بانکەکان بکرێت، ئەوا پێش خەڵک بانکەکان خۆیان زیانمەند دەبن. هەرگیز ناتوانن ببنە بانک و رۆڵی بانکێکی نۆرماڵ بگێڕن، چونکە بانک بە متمانە دروست دەبێت. بەوە دروست دەبێت، کە ببێتە شوێنێک، کە قازانج و دڵنیایی بۆ بەکاربەرەکانی دابین بکات، نەک بەناوی ئاڵوگۆڕی زۆرەملێوە زیانیان لێ بدات.
بەپێی دەستوری عێراق و هەموو یاسا بەرکارەکانی ئەم وڵاتە، هاوڵاتیان مافی خۆیانە دۆلارییان هەبێت یان دینار، سامانەکەیان بە دۆلار هەڵبگرن یان بە دینار، موچەکانیان بە دۆلار وەربگرن یان بە دینار، مامەڵەکانیان بە دۆلار بکەن یان بە دینار. ئیتر ئەو رێکارە بێ مانایە چیە؟
بانکی ناوەندی عێراق خۆی دەردە، یان دەرمانی درەدەکە دەدۆزێتەوە؟
قەدەری عێراق وەهایە، کە سیان لە هاوبەشە سەرەکییە بازرگانییەکانی (ئێران، روسیا، سوریا) لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە سزا دراون. عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێت دۆلاری ئەمریکی بدات بە خەڵک و کۆمپانیاکانی ئەم سێ وڵاتە.
تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢دا، عێراق بە بەهای زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە لە گەڵ ئێراندا (ئەمە جگە لە کڕینی غاز و کارەبا، کە ئەوانیش بە بەهای زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن).
ئێرانییەکان، جگە لە دۆلار بە هیچی تر رازی نابن لەم ئاڵوگۆڕەدا. لە گەڵ روسیا و سوریاش هەم دیسان عێراق، جگە لە دۆلاری ئەمریکی هیچی تری نیە بیدات. لە بەر سزاکانی ئەمریکا بانکی ناوەندی ناتوانێت هاوردەکردنی کاڵاو خزمەتگوزاری لەم وڵاتانەوە (تمویل) پارەدار بکات، بۆیە هەمیشە بازرگانانی عێراق ناچارن لە بازاڕی رەشدا دۆلار بکڕن بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ئەم وڵاتانە. ئەمە ئەو خواستە زیادەیە، کە هەمیشە بۆ دۆلار هەیەو وایکردووە نرخی بازاڕی زیاتر بێت لە نرخە فەرمیەکەی.
تا ئێستا بانکی ناوەندی سەرکەوتوو نەبووە لە رێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەم سێ وڵاتە و نەیتوانیوە میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ پارەدارکردنی هاوردەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان. ئەمە گەوهەری گرفتەکەیە و هەر لێرەشدا دەبێت بۆ چارەسەر بگەڕێت.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی بانکی ناوەندی پەنایان بۆ چەندین رێگاو چارەسەری جۆراوجۆر بردووە، کە هەمیشە گرفتەکەیان قورستر و ئاڵۆزتر کردووە، نەک چارەسەر. جگە لەمەش، هەرگیز بانکی ناوەندی و بانکەکانی تریش نەیانتوانیوە وەک پێویست دۆلار دابین بکەن بۆ بازرگانە بچوک و مامناوەندییەکان، کە بەشی هەرە زۆری هاوردەکانی عێراق لە لایەن ئەمانەوە دابین دەکرێت.
بەگشتی چارەسەرییەکانی بانکی ناوەندی تا ئێستا نەک هەر بەهای دیناری سەقامگیر نەکردووە، بەڵکو گرفتەکانی قوڵتر کردۆتەوە. لە مێژووی عێراقدا، هەرگیز ئەم وڵاتە بە قەدەر ئێستا دۆلار و یەدەکی دراوی بیانی نەبووە. هەرگیز بانکی ناوەندییەکەشی بەقەدەر ئێستا دەستەوسان و بێ-کەڵک و بێ-توانا نەبووە لە جێبەجێکردنی سەرەتایی ترین ئەرکی خۆی، کە سەقامگیرکردنی بەهای دینارە.
ئ.م
Comments are closed.