سلێمانی
تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی، ١٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەرەکەیان پیرۆز دەکات و دەڵێت: بە گوڕوتینێکی بەهێزترەوە پێ دەنێینە ١٠یەمین ساڵەی کار و خەباتەوە، تەڤگەری ئازادیی حزبێکی کلاسیک نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسییە، کە بانگەشەی بوون بە جێگرەوە و هێڵی سێیەم دەکات، ئەمەش تەنها درووشمێک نییە.
ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانە، کە لە ١٧ـی ١٠ـی ٢٠١٤ یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست، لەبارەی کار و خەباتی نۆ ساڵەی ئەو تەڤگەرە و ئاستەنگی و ڕێگرییەکانی بەردەمی و پلان و پڕۆژەی بۆ داهاتوو، تارا حسێن هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
لەبارەی هەلومەرجی ئەو قۆناغەی کە تەڤگەری ئازادیی تێدا دامەزرا تارا حسێن وتی: لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، کە تەڤگەری ئازادیی دامەزرا یەکێک بوو لە قۆناغە هەرە سەختەکان لە ناوچەکەدا، کە خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی هێزێکی دڕندەی وەکو داعش بووەوە، لە کاتێکی ئاوادا دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی هەنگاوێکی بوێرانە بوو، کە کۆمەڵێک کەسایەتیی و ڕۆشنبیر و چالاکوانی سیاسیی تەڤگەریان دامەزراند و یەکەم کۆنگرەی خۆی هەر لەو ساڵەدا بەست.
تارا حسێن وتیشی: تەڤگەری ئازادیی دەیەوێت وەچەرخان لە زهنییەتی تاکی ناو کۆمەڵگەدا درووستبکات، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان تەڤگەر و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر، چونکە ئامانجی تەڤگەری ئازادیی ئەوەیە دەیەوێت لە بنەڕەتەوە گۆڕانکاری لە تاکدا درووست بکات لە هەموو پرسە جیاوازەکاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، تەڤگەری ئازادیی لەسەر بنەمای دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، ژینگەپارێزیی و هاوسەنگی ڕەگەزیی کار و خەباتی خۆی بەڕێوەدەبات، بە پێچەوانەی زۆرێک لە هێزە ناسیۆنالیستەکان، پێی وایە هەبوونی پێکهاتە و باوەڕییە جیاوازەکان دەوڵەمەندییە و خاڵی وەرچەرخانە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێکخستنە.
تارا حسێن ئاماژەی بەوەشدا، تەڤگەری ئازادیی دەیەویت گۆڕانکاری لە زەهنیەتی تاکی کوردا درووست بکات، ئەم وەچەرخانەش لەوانەیە کاتێکی درێژی پێویستبێت، هەروەها هەناسەیەکی سارد و هێواشی پێویستە، چونکە ئەم تێکۆشانە تێکۆشانێکی فکرییە و بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ناکرێت.
باسی لەوەش کرد، تەڤگەری ئازادیی لەسەر بنەمای ژینگەدۆستیی و یەکسانی ڕەگەزیی تێکۆشان دەکات، لەم چوارچێوەیەشدا خەباتێکی فکری لەناو توێژە جیاوازەکان بەڕێوەدەبات بە پێچەوانەی زۆربەی هێزە ناسیۆنالیستەکان، تەڤگەری ئازادیی پێی وایە پێکهاتەکان بەشداربوونیان بە ڕەنگ و فکرە جیاوازەکان، دەوڵەمەنیدییە بۆ ناوچەکە، بەمەش کۆمەڵگە بە دوور دەبێت لە جەنگ و کوشتار و پیلانگێڕیی.
وتیشی: تەڤگەری ئازادی لەسەر بنەمای گەل و خۆبەڕێوەبردن کار دەکات، ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی کێشە لە ناوچەکاندا، بە هێڵی سێیەم چارەسەریان دەکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە خۆبەڕێوەبەریی بە بوونی ئیرادەیەکی بەهێز و پێشەنگایەتی ژن و گەنج، کە هەموو خاڵە نەرێنییەکان دەگۆڕێت بۆ ئەرێنی، سیستەمی کۆنفیدراڵیزم وەک تاکە چارەسەر دەبینین بۆ کێشەکانی تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو توێژەی لەلایەن دەسەڵاتەوە پەراوێز خراوە، تەڤگەری ئازادیی دەرفەتی بە ئیرادەبوون و پێشەنگبوونی بۆ دەڕەخسێنێت، بە تایبەتی بۆ گەنجان، چونکە لایەنەکانی تر جگە لە درووشم و بەکارهێنان پێشەنگایەتی نادەن بە گەنجان، تەڤگەری ئازادیی پێی وایە لەسەر بنەمای گەنجان، کە داینەمۆی گۆڕانکارییەکانن دەکرێت گۆڕانکاری لە سیستەم و بەڕێوەبردندا درووست بکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، تەڤگەری ئازادیی حزبێکی کلاسیکی سیاسی نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسییە کە بانگەشەی بوون بە جێگرەوە و هێڵی سێیەم دەکات، ئەمەش تەنها درووشمێک نییە، بەڵکوو هەر درووشمێک یاخود چەمکێک، کە هەیە ڕەخنەی لێدەگرێت و چارەسەریی پێش دەخات، ئەو خاڵانەی بە لاواز دەیبینێت دەیگۆڕێت بۆ خاڵی بەهێز لەسەر ئەم بنەمایە دەیەوێت کۆمەڵگە بە ڕێکخستن بکات و بیکاتە خاوەن ئیرادە.
ئەوەشی خستە ڕوو، تەڤگەری ئازادیی بە پێشەنگایەتی وڵاتپارێزان و ژینگەپارێزان، لە هەمان کاتدا کارکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی تر دەیەوێت سەجەم پێکهاتەکان بە ئیرادەی خۆیان و زهنییەتی خۆیان بە ڕێکخستن بکرێن، لەسەر ئەم بنەمایەش تەڤگەری ئازادیی ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە لەلایەن دوژمنانەوە.
تارا حسێن، وتیشی: تەڤگەری ئازادیی خاوەنی مۆڵەتی یاسایی خۆیەتی و هیچ کاتێک دژی یاساکان کاری نەکردووە، بۆیەش بەردەوام ئەندامانی ئەم تەڤگەرە لە ناو زیندانەکانی دەسەڵاتدا بوونیان هەیە، هیچ ئەندامێکیشی نەماوە مێژوویەکی لەناو زیندانەکانی ئەم دەسەڵاتەدا تۆمار نەکردبێت، بەدەر لە هەموو ئەمانەش ڕووبەڕووی تیرۆریش بوونەتەوە.
لە کۆتاییدا وتیشی: لە پێناو سەرکەوتنی ئەم ڕێکخستەنەدا تەڤگەری ئازادیی ڕۆحی جوانترین و زیرەکترین ئەندامی خۆی بەخشیوە، دیارترینیشان شەهید مامۆستا شەماڵ بووە، کە پیشەنگی ئەم تەڤگەرە بوو، لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی بەردەوامیش فشار لەسەر ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی هەیە، بە خۆشحاڵییەوە ئەوە دووپات دەکەینەوە سۆزێک و بەڵێن، کە بە گەلی خۆمانداوە لەم ڕێکخستنەدا لەسەری بەردەوام دەبین لە هەمان ساڵیشدا بە درووشمی ڕۆحی مامۆستا شەماڵ درێژەی پێ دەدەین و پێ دەنێینە ١٠ ساڵەی خەباتی تەڤگەری ئازادییەوە.
ب.گ
Comments are closed.