بەڵگەی ڕادەستکردنەوەی کچێکی ئێزدیی بە داعش لەلایەن تورکیاوە

ناوەندی هەواڵەکان

هەتا ئێستاش بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدیی لە دەستی چەتەکانی داعشدا دەناڵێنن، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە بری ئەوەی خێزانەکانی دەستی داعش ڕزگار بکات، جارێکیتر کچانی ئێزدیی ڕادەستی داعش دەکاتەوە و ڕەوایەتی بە غەنیمە و بە کۆیلەکردنی ژنانی ئێزدیی دەدات.

سەبارەت بە پێشکەشکردنی منداڵانی ئێزدیی بە چەتەکانی داعش، ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو لە تورکیا ڕوویدا، وەزارەتی فەرمی دەوڵەتی تورک کچێکی ئێزدیی ڕادەستی خێزانێکی داعش کردەوە بۆ ئەوەی مامەڵە و فرۆشتنی پێوە بکەن.

چەند ساڵێک تێپەڕبووە بەسەر هێرشەکانی داعشدا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و شنگال، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک هەوڵدەدات پشتگیریی لە چەتەکان بکات و بۆ زیندووکردنەوەی ئەوان هەموو شتێک دەکات، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و بە هەزاران ژن و منداڵیان ڕفاند، دەستدرێژییان کردنە سەر و لە بازاڕەکاندا وەکو کۆیلە فرۆشتیانن، هەتا ئێستاش چارەنووسی هەزاران کەس لەوان نادیارە، زۆرێکیشیان لە ناو خێزانەکانی داعشدا وەکو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن.

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان لە تورکیا، لە بری ئەوەی کچێکی ئێزدیی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندراوە بگەڕێننەوە بۆ خێزانەکەی، جارێکی تر ڕادەستی خێزانێکی داعشیان کردەوە، ئەم ڕاستییە لە ڕێگای هەواڵێکی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ” ئارت گەرچەک” کە لە تورکیا و باکووری کوردستان پەخشی هەیە بڵاو بووەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان، سەرەڕای ئەوەی سەلمێنراوە ئەو خێزانەی کچە ئێزدییەکەیان ڕادەست کردوون، لە بازاڕی ڕەش (دارک نێت) فرۆشتوویانە، وەزارەتەکە بەم مامەڵەیەی جارێکیتر ڕەوایەتی داوە بە غەنیمەکردن و وەک کۆیلە مامەڵەکردن بە ژنانەوە، دیار نییە کە ئەو خێزانەی داعش چی لەو کچە ئێزدییە دەکەن دەیفرۆشن یاخود دەیکەن بە کۆیلە، بەڵام هەمووان دەزانن بەرامبەر ژنانی ئێزدیی کاری دڕندانە و دوور لە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت.

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە شووباتی ساڵی ٢٠٢١ـدا سیناریۆیەکی ڕێکخست، گوایە ژنان و کچانی ئێزدیی لە دەست گرووپە چەتەکانی داعش ڕزگار دەکەن، بەڵام دواتر هەموویان ڕادەستی داعش کردەوە.

ب.گ

Comments are closed.