بنار هیدایەت ئاغا
لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پەدەكە، هەریەکە لە هێزە نیشتیمانیەکانى وەک پەكەكە، پەیەدە، كەجەكە، یەپەژە، پژاك و سەرجەم هێزە سیاسییەكان، ئەوانەی دژ بە كۆیلایەتی و داگیركاری خاك و لەبیربردنەوەی زمان، سڕینەوەی فەرهەنگ و كلتوورن، چوونەتە خانەی دوژمنەوە، وەك ئەوانە پارتێكی فەڕەنسی بەعسی بن، یاخوود لە فەزایەكی دیكەوە هاتبن و بیانەوێت دۆلارە چاوبز و دەق نەشكاوەكانی پەدەكە بەهەدەر بدەن.
پەدەکە زۆربەی پارتە سیاسییە تێكۆشەرەكانی باكوور و ڕۆژئاواو و ڕۆژهەڵات، هەتا زۆرجار بەشێك لە پارتە هاوپەیمانەكانی بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدات، ئێ ئەگەر پەكەكە ئەو حزبانە لای پارتی خەباتێكی دەیان ساڵەی دژ بە توركیای دۆست و گەورەی پارتی بە تیرۆرست ئەژمار بكرێت، دەكرێت سەركردایەتی پارتی وەك هەموو ڕوونكردنەوە بێ بنەماكانی پێمان بڵێت، ئێمەی سەرانی بنەماڵە خەباتمان كردووە بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن، نەك بۆ دۆزێكی نیشتیمانی، چونكە لای ئێمە خەبات بۆ دۆزی ڕەوای گەلێك ڕەهەندێكە لەو ڕەهەندانەی تیرۆریستی پێدەناسرێتەوە.
ئاشكرایە پارتی و دەزگا داپڵۆسێنەرەكەی چی بەرنامەیەكی دۆزەخییان بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە سازكردووە لەگەڵ پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتە زەردەكەیان یەكناگرێتەوە، لای بنەماڵەی بارزانی ئاساییە پارتی نەبیت، بەڵام قەدەغەیە پەكەكە بیت، لای پارتییەكان پەكەكە بوون خیانەتی نیشتیمانییە، ئەگەر بەرخوودان و شەهید بوون لەپێناو خاك و وڵات و پاراستنی كەرامەت خیانەتی نیشتیمانی بێت، دەبێت نیشتیمان فرۆشتن و كۆیلایەتیكردن بۆ ڕژێمێكی داگیركەر باجەكەی چۆن بێت و چ پێناسەیەك هەڵبگرێت.
بەیاننامە شەرمن و هەڵكڕووزاوەكەی شەوی ڕابردووی ئاسایشی دهۆك لەسەر دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس”سلێمان ئەحمەد” هێندە بە شپرزەیی نوسرابوو خۆیان بیریان چووبوو چەند كاتژمێرێك بەر لەو بەیاننامەیە بە دەنگی ئەمریكایان وتبوو ئاگاداری دەستگیركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە نین و لای ئێمە دەستگیرنەكراوە، دەبێت چ شەرمێك بێت سەركردایەتی پارتی ئەو بەیاننامەیە بخوێنێتەوە.
جۆن تایلەر نوسەری پەڕتووكی “شەش ساڵ لەناو ژنە وەحشییەكانی ئەمازۆن” لە بەشێكی سەردانەكەیدا ئاماژە بە هۆزێكی ئەو دارستانە دەكات و دەڵێت: هۆزی پووچی كا هۆزێكی وەحشی بوون بۆ مانەوەی خۆیان پەنایان دەبردە بەر هۆزەكانی دیكە و نۆكەرییان بۆ دەكردن لەبەرامبەر هاوكارییان بۆ هێرشكردنە سەر هۆزەكانی دیكە و لەناوبردنیان، دەكرێت بڵێین، پەدەكە هاوشێوەی پووچی كا بیر و هزری بەرامبەر بەمانەوەی خۆی بەكار دەهێنێت.
دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوان و تۆمەتدانە پاڵی بە سیخوڕ و هاوكاری پەكەكە تەنها لە قامووسی پەدەكە و پەیڕەو پڕۆگرامی خێڵی بارزان بوونی هەیە، ئەگەر نا لە هیچ مەملەكەتێكی سەر ئەم زەمینە، جگە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ناكرێت. دەبێت بۆ لەمەودا كەس نەچێتە پرسە لەژێر دەسەڵاتی پەدەكەوە، چونكە ئۆتۆماتیكی تۆمەتی پەكەكە بوون دەخەنە پاڵیان، بۆ ئەوەی خزمەكانی ئەتاتورك بزەیەكیان بۆ بكەن و بە توندی لەكاتی تەوقەكردندا دەستیان بگووشن.
یەقین وایە ئەم تاوانكارییانەی ئاسایش و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی پەدەكە ڕۆژێك لە مێژووی خوێندنگاكان بۆ منداڵانی نەوەی داهاتوو وەك پڕۆگرامێك پێیان دەخوێندرێت و پێیان دەڵێن: زەمەنێك پارتێك هەبوو لە باشووری كوردستان، بۆ مانەوەی خۆی دەستی لە هیچ تاوانكارییەك و دەستگیركردن و تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس و مامۆستای ئایینی و چالاكوان و كەسایەتی سیاسیی نەگێڕاوەتەوە، دواجار وەك حزبی بەعس بوون بە ناوێك مێژوو دوای مێژوو، سەدە دوای سەدە بەر نەفرەتی ڕۆژگار و كوردی ڕەسەن بكەون.
ب.هـ
Comments are closed.