هەڵمەت قەرەداخی
پەکەکە چیە و کێن ئەوانەی دژایەتی پەکەکە دەکەن؟ دژایەتیەکەیان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ پەکەکەییبوون بۆ کوردان بە چ واتایەک دێت؟ کورد دەبێت چۆن لە پەکەکە و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و داگیرکەرانی کوردستان و ھێڵە گرێدراوەکانیان بگات! تێکۆشانی ئازادی کوردستان و ھێز و پێکھێنەرەکانی ئەم تێکۆشانە کێن و چ جێگەیەک دەگرن تێیدا؟ ستاتۆی ھەرێمی کوردستان و پەدەکە لەم چوارچێوەیەدا بەشوێن چیەوەیە و دەیەوێت چی بکات؟
ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژنیوز لە کاتی گەڕانەوە لە سەردانیکردنی کەسوکاری لە خۆرئاوای کوردستانەوە دەسگیر دەکرێت و گوایە پەیوەندی بە پەکەکەوە ھەیە! ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ پرسەی باوکی گەڕاوەتەوە و سیلەی ڕەحمی خێزانی پێکھێناوە، لە کاتێکدا ئەو ڕۆژنامەنووسە بە شێوەی یاسایی و لە ھەمان ڕێگەی گەڕانەوەوە دەربازی خۆرئاوای کوردستان بووە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا دەستگیر یاخود دەڕفێنرێت، بۆچی؟ گوایە پەکەکەییە!، بەڵام ئایا پەکەکەیی بوون بە چ واتایەکە و دەسەڵات و حکومەتێکی کوردی دەتوانێت، لە دەرەوەی پرەنسیپ و یاسای کارپێکراو بۆ ناسینی ھێزێکی سیاسی، نەتەوەیی، دیموکراتیک تۆمەتی دەسگیرکردن ھەڵبەستێت و بەکاری بێنێت.
پەکەکە ھێزێکی سیاسی، ڕێکخستنی پیرکەرەوەی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردە، کوردی کردووەتە خاوەنی ئیرادە و زھنیەتی تێکۆشانی دیموکراتیک بۆ ئازادی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە گەلی کورد لە ناو ئەو کۆمەڵگەیەدا بە ناسنامەی نەتەوەیی دیموگراتیک و پێگەی کوردستانی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر بگات.
ئەوەی دوژمنایەتی ئەم ھێڵە سیاسی ڕێکخستنیە دەکات، داگیرکەرانی کوردستان، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە و ھێڵی بەکرێگیراوی کوردانە، بۆیە کاتێک ڕۆژنامەنووسێک، چالاکێکی سیاسی وەک زیندانیانی بادینان، ناڕازیانی کۆمەڵگە تاوانبار دەکرێن بە پەکەکەیی یان دەستی دەرەکی لە پشتبوون، بێ سێ و دوو پشتگیریکردنی داگیرکەر و خاوەن زھنیەتی بەکرێگیراوی و پاشکەوتوییە، چونکە پەکەکەیی بوون بە واتای تێکۆشانی ھەرە شێلگیر و بە واتا بۆ گەلی کورد، ئەوە لە کاتێکدا ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕۆژنامەی ئەلکترۆنی ڕۆژنیوز کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات و وەک خۆیان ڕایان گەیاندووە، ھیچ پەیوەندێکیان بە پەکەکەوە نییە و ئەوە تۆمەتێکی ھەڵبەستراوە.
ئەو تۆمەتە ھەڵبەستراوە لەلایەن پەدەکەوە، بەو واتایە دێت، کە ھەولێر داگیرکراوی دەستی دەوڵەتی تورکە و ھێزە کوردییە ئازادیخوازەکان ناتوانن ھەڵسوڕانی ئازادیان ھەبێت تێیدا، لە کاتێکدا پێویستە باشووری کوردستان گۆڕەپانی ھەرە ئازادی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی و نەتەوەیی دیموکراتیک بێت، بەو واتایە کە ھەرێمی کوردستان لەسەر ناوی کوردێتی ھەرێمێکی سیاسی کوردانەیە، بۆیە ئەو یاسایانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا بەڕێوە دەبرێت، ئەو یاسا دژە کوردانەن کە لە ئەنقەرەوە دادەڕێژرێت.
ئەگەر ئەم کردەوە نەشیاوەی تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، پەیوەست کەینەوە بە ئۆردوگانشینکردنی حیزبە سیاسیەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان ئەوا دەتوانین بڵێین؛ پەدەکە چەتری ئاسانکاری و بەڕێوەبردنی سیاسەتی داگیرکاریی و بەکرێگیراوییە بۆ داگیرکەران، بۆیە تێکۆشەران و ئازادیخوازانی باشوور و گەلی کورد پێویستە تێگەیشتنی ڕاستینەی ژیانی پەدەکەیان ھەبێت و سنوور بۆ سیاسەتە داگیرکاریی و بەکرێگیراویەکانی دابنێن و لە ناو کۆمەڵگەدا بیناسێنن و بەرەی تێکۆشانی دیموکراتیک بەھێز و یەکلایی بکەنەوە.
لێرەوە داوای ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنیوز (سڵێمان ئەحمەد) دەکەم و لە کەسێتی ئەویشدا بانگەوازی ئازادیی بۆ تەواوی زیندانیانی بادینان و سیاسیی دەکەم، لەژێر دەستی پەدەکە.
ر.س
Comments are closed.