لە هەڵەبجە دیداری تەنبوور بەڕێوەچوو

هەڵەبجە

لە شارى هەڵەبجە دیداری “تەنبوور” بەڕێوەچوو کە تایبەتە بە ئامێرێکی میوزیکى کاکەیەکان و لە دێر زەمانەوە پاراستنوویانە و تا ئێستاش بەکاریان هێناوە، بەڕێوەبەرى گشتى هونەرى شارەکەش دەڵێت: لای یارسانەكان تەنبوور تێكەڵ بە ڕۆح و ئەو كەشە ئاینییە دەبێت، كە بڕوایان پێیەتی.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بە درووشمی “هونەر كەلتوور پەرستش” دیداری تەنبووری سازكرد و تێیدا فیلمێكی دۆكیومێنتاریش لەسەر پیرۆزی ئامێری تەنبوور نمایشكرا.

محەمەد فەتاح
محەمەد فەتاح

لەو بارەوە محەمەد فەتاح، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز وتی: زۆر لەمێژە دەمانەوێت چالاكییەك ئەنجام بدەین، کە لە چالاكییەكانی دیكەمان جیاواز بێت، بۆیە ئەمڕۆ دیداری تەنبوورمان ساز كرد.

ئاماژەى بەوەش کرد، تا ئێستا هیچ كارێكی لەمجۆرە نەكراوە لە سنوورەكەدا، بۆیە ئەمڕۆ بە پێویستیان زانیووە كۆببنەوە و گوێ‌ لە ئامێری تەنبوور بگرن.

محمەد فەتاح وتیشی: لای یارسانەكان تەنبور تێكەڵ بە ڕۆح و ئەو كەشە ئاینییە دەبێت، كە بڕوایان پێیەتی، بۆیە بە گرنگمان زانی شوناسی تەنبوور ئاشنا بكەین بەو میوانانەی بەشدارییان لە دیدارەكەدا كردووە.

ئەكبەر كەریم
ئەكبەر كەریم

ئەكبەر كەریم، کە هاوڵاتییەكی كاكەییە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئامێری تەنبوور ئامێرێكی مرۆڤانەیە، كاكەییەكانی سنوورەكە خاوەندارێتیان لێ كردووە و پاراستوویانە و نەیانهێشتووە لەناو بچێت، بەردەوام برەویان پێداوە، بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە ئاینەكەوە هەیە، ئاین و تەمبوور زۆر پەیوەستن بە یەكەوە.

باسى لەوەش کرد، هونەر و ئەدەب و مۆسیقا پێگەیەكی گرنگی لە ئاینی كاكەییەكاندا هەیە، پێویستە لەم كۆڕ و دیدارانەدا زیاتر گرنگی پێ بدرێت و نەوە بە نەوە ئەو پیرۆزییەی بمێنێتەوە و لەناو نەچێت.

 

ئـ.م

Comments are closed.