تەلارسازیی دیوارە بەردینەکانی هەورامان هونەرێکی دێرین و باڵا

هەرێم قادر

یەکێک لە تایبەتمەندییە باڵاکانی هەورامان بە تایبەتی هەورامانی تەخت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هونەری باڵای تەلارسازییە، بە درووستکردنی دیوارە بەردینەکان، ئەم هونەرە باڵایە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و لە یونسکۆش تۆمار کراوە.

هونەری تەلارسازیی لە هەورامان بە جۆرێک بونیادنراوە کە هەمانگ بووەتەوە لەگەڵ سرووشت، ئەوەی کە لێرەدا سڕی ئەم بیناسازییەی لەخۆگرتووە خۆ گونجاندنی مرۆڤە لەگەڵ سرووشت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵیدا هەڵکات و بمێنێتەوە.

ئەوەی لە بیناسازی هەورامانەوە دەبینرێت، خۆشەویستییەکی قووڵی هەورامییەکانە بۆ سروشت، هەورامییەکان سرووشتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕانەچڵەکاندووە، ئەوەی کردوویانە، بە ئەمانەتەوە لەناو سرووشتدا کردوویانە، سروشتیش بۆ ئەوان خۆی کردووەتەوە و لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا کۆمەکی کردوون.

درووستکردنی مزگەوتی هەورامانی تەخت و سەدان خانوونی دیکە بەبێ بەکارهێنانی گڵ و چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنی دیوارەکانیان، شاهیدی ئەو سەلیقە و ئەندازەگیرییە ڕەسەنەی وەستاکانی هەورامان دەدەن، بە جۆرێک تا ئێستا لە هیچ بارودۆخێکدا بەردێک لەناو دیوارێکدا لە شوێنی خۆی ڕانەچڵەکیوە.

ساڵی ڕابردوو، لە ٤٤مین دانیشتنی کۆمیتەی میراتی جیهانی ڕێکخراوی جیهانیی یونسکۆ، کە لە شاری فوجوی وڵاتی چین و بە ئامادەبوونی نوێنەری ١٣٩ وڵات بەڕێوەچوو، ناوچەی هەورامانی تەخت وەکوو ناوچەیەکی کەلتووری-مێژوویی لە ئاستی جیهاندا تۆمارکرا و خرایە لیستی شوێنەوارەکانی جیهانەوە، هەورامییەكانیش زۆر بە گرنگییەوە لە بڕیارەكەیان ڕوانی بۆ ناساندنی ناوچەكەیان وەك شوێنەوارێكی كەلتووری و مێژوویی.

حسێن محەمەد
حسێن محەمەد

وەستا حسێن محەمەد خەڵكی هەورامانی تەختە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەی ٢٥ ساڵە وەستای چنینی دیواری بەردینە و بە ڕۆژنیوزی وت: حەزم لە كاری هونەری بەردە لە ناوچەكەدا، لە هەورامان دیواری بەرد درووست کراوە بەبێ‌ چیمەنتۆ دوو سەدە بەسەریدا تێپەڕیوە هەر نەڕووخاوە، ئێستاش بە بەرد و چیمەنتۆ كار دەكەین.

وەستا حسێن وتیشی: دیواری بەرد زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ بلۆك، بلۆك  بەهێز نییە، بەڵام بەرد بۆ ماوەی سەدان ساڵ دەمێنێتەوە، هەروەها خانوی بەرد لە هاویندا فێنكە و لە زستانیشدا گەرمە.

دەشڵێت: ئیشی بەرد زەحمەتی زۆرە، دەبێت زۆر جوان ڕێكی بكەیت و كاریی هونەری تێدا بكەیت، نابێت پەلەی تێدا بكرێت، پێویستە وردەكاری زۆری تێدا بكەیت، ئەو كەسەشی كارەكە دەكات دەبێت شارەزایی تەواویی هەبێت.

ئەحمەد محەمەد
ئەحمەد محەمەد

لە هەورامان دووجۆر دیواری بەردین هەیە یەكیان بەبێ‌ چیمەنتۆیە و وشكە كەڵەكە، دووەمیش دیوارەكە بە چیمەنتۆ و بەرد دەكرێت زۆر بەهێز و خۆڕاگرە بۆ ماوەی سەدان ساڵ زیاتر دەمێنێتەوە و دیوارەكەی ناڕووخێت.

ئەحمەد محەمەد كرێكارێكی خەڵكی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، كاری داتاشین و ڕێكخستنی بەردەكانی دەكرد بۆ وەستا حسێن لەمبارەیەوە وتی: ئێمە لێرە بەرد نەقاڕی دەكەین بە وردەكارییەوە، ئەگەر جوان ڕێكی نەكەین بۆ دیوارەكە ناگونجێت، چاكردنی بەردێك هەندێك جار ٣٠ خولەكی پێدەچێت بۆ ئەوەی جوان جێگەی خۆی بگرێت.

ب.گ

Comments are closed.