ڕۆژنامەنوس: هانا چۆمانی
لە دوای ٢٠٠٣ چاوەکان لەسەر ئەوەبوون ئازادیی بەگشت جۆرەکانی، (ئازادی میدیا، ئازادی بۆچوون، ئازادی نوسین، ئازادی ڕەخنە، ئازادی سیاسی، ئازادی ئاینی، ئازادی کۆمەڵایەتی، ئازادیی کار و ئازادیی ژیان) بەتایبەتیش کاری ڕۆژنامەڤانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بچێت، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەردوو شوێنەکە خراپتر بوو، جارێکی دیکە چاوەڕوان کرا دوای ٢٠١٠ لە هەرێمی کوردستان ئازادیی ڕادەربڕێن و کاری ڕۆژنامەڤانی بەرەو پێش بچێت بەتایبەت دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و میدیا ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام جارێکی دیکە بەرەو خراپتر بوون چوو، بۆچوون وابوو لە عیراق باشتر بێت کەچی ئەویش خراپتر بوو.
ئێستا دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ و چەندین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەچی بەردەوام ئازادیی لە پاشەکشەدایە وکار گەیشتووەتە ئەوەی نەک ئازادیی بڤە بێت، بەڵکو کوشتن، دەستگیرکردن، زیندانیکردن، هەڕەشەکردن، ڕاوەدوونان و تۆقاندنی ڕۆژنامەنوسان بوو بە کارێکی ئاسایی و ڕۆژانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسنووری هەولێر ودهۆک و سلێمانی، گرتن و ڕەفناندن و تۆمەت دروستکردن بۆ رۆژنامەنوسان بووە بە کارێکی ئاسایی دەستەڵات لە هەردوو زۆرنەکە.
لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو دۆخی ڕۆژنامەنووسی لەهەرێمی کوردستان خراپترین دۆخە لەمێژووی حکومڕانی بەتایبەتیش لەدوای ساڵی ٢٠٢٠، بەیەکجاری دۆخەکە بووە دۆزەخ بۆ ڕۆژنامەنوسان و ئەوەش دوای دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسانی بادینان بەتۆمەتی بێ بنەما و ناڕاست خرانە کونجی بەندینخانە.
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٥٠ڕۆژنامەنوس گیراون، ڕفێندراون، تۆمەتیان بۆدروستکراوە، دەرپەڕێندراون، هەڕەشەی نائەخلاقی و هەڕەشەی خێزانی و بنەماڵەیان لێکراوە ئەوانە هەموو وایانکردوە ئیدی تروسکایەک نەماوە بۆ ئازادی لەهەرێمی کوردستان، ئێستا دۆخێک دروستکراوە یان دەبێت تەسلیم بیت و خۆت بفرۆشیت بەیەکێک لەو حیزبانەی هەرێم یان دەبێت شوێنەکە جێبهێڵیت و ڕابکەیت، ئەگەرنا شوێنی دووەمت زیندان و سوکایەتی و ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسیە لە کونجی زیندانەکانی حیزبی
بەداخەوە هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، دژە تیرۆر، پۆلیسی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەکارهێنانیان لەلایەن حیزبەکانەوە بوونەتە پاسەوان حیزب و بەرپرسەکان بەتەواوی بوونەتە ملیشیا و چەتە و بەکرێگراوی حیزبی، هاوشێوەی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی عێراق کە کاریان کوشتن ورفاندنی ئەو دەنگە ناڕازی وئازایانەن کە دژ بە گەندەڵی ونادادی و نایەکسانی دەنگیان بەرزکردۆتەوە
لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو لە سلێمانی سێ ڕۆژنامەنووس گیران و خرانە کونجی زیندان، لە هەولێریش ڕۆژنامەنوسێک و لە دهۆکیش بەفەرمی ئاسایشی دهۆک دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی هەواڵی (ڕۆژنیوز)ی ڕاگەیاند کە ئەوان لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیریان کردوە ئازادی ناکەن.
ئەوە جێگای سەیر و شەرمەزاری و ترسە لە داهاتووی هەرێم و ئازادی ڕۆژنامەنوسی ئەوەیە لەکاتێک ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد باجی ڕۆژنامەوانی هەیە وپێی بووە و هیچ کارێکی نایاسایی نەکردوە، بەڵکو بۆ سەردانی خانەوادەکەی گەڕاوەتەوە ناوبراو دەوامی لەسلێمانییە کەچی ئاسایش دەستگیرکردوە دەلێت کاری نایاسایی کردوە.
ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا کاری نایاسایی چیە ڕۆژنامەنووسییە یان ڕەخنەگرتن؟ وەستانەوەیە دژی ناعەدالەتی و نایاسایی یان دژی تاکڕەویی ؟ ئەوەی لەهەرێمی کوردستان بووتە کێشەی گەورە ئەوەیە دادگا، پۆلیس و ئاسایش و هەموو شتێک لەژێر هەیمەنەی حیزبە تاوەکو ئەوانە دەرنەهێنرێن هەرگیز ئازادیی بەهیچ جۆرەکانی بەرەوپێش ناچێت و ناگاتە ئامانج.
ب.گ
Comments are closed.