پەیمانگایەک بێ بەرامبەر کار دەکات بۆ پەرەپێدان بە تواناکانی منداڵان

مەهران ڕەمەزان

پەیمانگای “تیم” بووە بە ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی ڕەنگە جیاوازەکان و دەرخستنی توانای منداڵان وتنەوەی وانەی پەروەردەیی بێ بەرامبەر بۆ پێشخستن و پەرەپێدان بە بەهرەی منداڵان.

پەیمانگای تیم لە ساڵی ٢٠١٨ لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی لەلایەن کۆمەڵێک کەسی خێرخواز دامەزراوە، لە ئێستاشدا نووسینگەی سەرەکییان لە چوارچرایە، ئامانج لە بونیادنانی ئەم پەیمانگایە یارمەتیدانی ئەو منداڵانەیە، کە بێ دایک و باوکن و ڕۆژانە بە ستافێکی بە ئەزموونی مامۆستایانی خۆبەخش پیشوازیان لێ دەکەن و وانە پەروەردەییەکانیان پێ دەڵێنەوە.

ئەسرا ئەحمەد
ئەسرا ئەحمەد

ئەسرا ئەحمەد بەڕێوەبەری پەیمانگای تیم بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پەیمانگای تیم سەر بە هیچ حزبێک یاخود حکومیی نییە و لەلایەن کۆمەڵێک خێرخواز دامەزراوە، هەر لەلایەن ئەوانیشەوە داهاتەکەی بۆ دابین دەکرێت، ئامانجی ئەم پەیمانگایە یارمەتیدانی ئەو منداڵانایە، کە دایک یاخود باوکیان نییە، هاوکارییان دەکەن بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە پەرەی پێ بدەن.

ئەوەشی خستە ڕوو، لە پەیمانگاکەدا ٢٥٠ خوێندکار لە نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان بەشدارن، بە پلەی یەکەم گرنگی دەدرێت بە لایەنی دەروونی منداڵەکان چونکە زۆربەی ئەو منداڵانەی لێردا پەروەردە وەردەگرن بەهۆی بێ بەشبوونیان لە سۆزی دایک و باوکیان توشی گرفتی دەروونی بوونە پێویستییان بە پەروەردەیەکی هێواش و باشتر هەیە بە بەروارد بە منداڵانی تر.

وتیشی: پەیمانگاکە پیشتر لە هەر چوار وەرزدا پێشوازی لە منداڵان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی داهاتێکی باشمان لەبەر دەست نەبووە، لە وەرزی هاویندا ٦ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا وانەکان دەخوێنرێن و زستانیشدا تەنها ڕۆژی شەممە وانەکان دەخوێنرێن، منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان ٦ بۆ ١٥ ساڵیدایە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ بۆ ٢ی دوانیوەرۆ لە پەیمانگاکەدا پەروەردە دەکرێن.

کاروان محەمەد
کاروان محەمەد

ئەسرا ئەحمەد باسی لەوەش کرد، پەیامانگاکە ١٤ تەوەر لەخۆ دەگرێت، کە هەر یەک لەو تەوەرانە لە بابەتی جیاواز پێکهاتوون، هەروەها ئۆفیسەکەش چەندین ژوور لەخۆ دەگرێت، کە بەپێی جیاوازی وانەکان دابەشکراون، وانەکانی پەروەردەی، میوزیک، زمان، کۆمپیوتەر، پیشەیەکان و کتێبخانە دەگرێتەوە.

کاروان محەمەد خوێندکارێکی پەیمانگاکەیە و باس لەوە دەکات، ڕۆژانە پاسی پەیمانگاکە دێت بە دواماندا لە ماڵەوە و ژمەکانیش لە پەیمانگاکە دەخۆین، زۆر هەست بە دڵخۆشی دەکەم لێرە.

سارا یەحیا خوێندکارێکی ترە و وتی: لە پەیمانگای تیم فێری کاری دەستی دەبین، کە خۆی دەبینێتەوە لە درووستکردنی مۆم و درووستکردنی وێنە، لە  هەمان کاتدا مامۆستاکان هاوکارمان دەبن بۆ ئەوەی بەرهەمەکان لە فیستیڤاڵەکان و پێشەنگایەکاندا بفرۆشین و ببین بە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆمان.

پەیمانگای تیم هاوکاری منداڵان دەکەن بۆ ئەوەی کاری دەستی بکەن، لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکان ساخ بکەنەوە داهاتێکیان دەست بکەوێت، هەروەها مانگانە لە بوارەکانی پەروەردەکردنی منداڵدا، چەند سیمینارێک بۆ سەرپەرشتیارانی منداڵەکان ئەنجام دەدەن.

شـ.ئ

Comments are closed.