هەرێم قادر
سەردار سابیر هاوڵاتییەکی گوندی گرێزەیە و حەوشەی ماڵەکەی کردووە بە مۆزەخانە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کەرەستە مێژوویی و کەلەپوورییەکان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی مێژوو و یادەوەریی کۆنی باوباپیرانی.
بە كردنەوەی مۆزەخانەیەكی بچوك لەناو حەوشەی ماڵەكەیدا، دەستی پێ كردووە دەیەوێت ئەو كەرەستە كۆنانە كە باوباپیرانی سەردەمانێك بۆ ژیانكردن بەكاریان هێناوە پارێزراو بێت پیشانی نەوەی ئەمڕۆی بدات، ئەمە ئامانجی هاوڵاتییەكی گوندی گرێزەیە لە كردنەوەی مۆزەخانەكەی.
خۆشەویستی و خولیای بۆ پارچە و کەرەستە مێژوویی و کەلەپوورییەکان، وای لە سەردار سابیر کردووە، لە گوندی گرێزەی سنووری شارۆچكەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، کە بەشێکی ماڵەکەی خۆی بکات بە مۆزەخانە، بۆ کۆکردنەوەی یادگاری زیاتر لە سەدەیەکی کورد، لە کەرەستە و کەلوپەلی ڕۆژانە و جوانکاریی و جلوبەرگ، کە بەشێکیان ئێستا بەکارناهێنرێن.
سەردار سابیر ماوەی كەمتر لە ساڵێكە بیرۆکەکەی جێبەجێ کردووە و حەوشەی ماڵەكەی خۆی کردووە بە مۆزەخانەی كەلەپووریی، ئەو دەیەوێت لە داهاتوودا مۆزەخانەكەی بە تەواوی فراوان بكات، خەڵكی لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستانەوە سەردانی بكەن.
سەردار سابیر لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: كۆنترین پارچەی كەلەپووری كە هەمبێت لە مۆزەخانەكەمدا دەمانچەیەكی سەردەمی ئینگلیزە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٤، مەبەستم لە كردنەوەی مۆزەخانەكە ئەوەیە مێژووی كەلەپووری نەتەوەكەمان نەفەوتێت بە زیندوویی نەوە لە دوای نەوە بمێنێتەوە و پارێزراوبن، نەوەی ئەمڕۆ نازانن ئەو كەرەستە كەلەپوورییانە بۆچی بەكارهاتووە لە ڕابردوودا.
وتیشی: هەر لەمنداڵیەوە حەزم لەم شتە كەلەپورییانە بووە، ماوەی ساڵێكە دەستم كردووە بە كۆكردنەوەیان و لەم مۆزەخانە بچووكەدا كەرەسەتە مێژووییەكان وەك وەفایەك بۆ باوباپیرانمان دەپارێزم خەڵكی ئاشنا دەكەم بەو مێژووە جوانە، كەرەستەكانیش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەغدا و شارەكانی دیكەی كوردستان و عێراقەوە بۆم دێنن، لە مۆزەخانەكەمدا كۆیان دەكەمەوە، خەڵكیش زۆر دەست خۆشیم لێ دەكەن.
دەشڵێت: لە پلانمایە دوو ژوور و هەیوانێك درووست بکەم و كەرەستەكانی تێدا دابنێم بیكەم بە مۆزەخانەیەكی فراوان، پێم خۆشە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان خەڵك سەردانی بكات بۆ ئەوەی ئەم مێژووە جوانەی نەتەوەكەمان بناسرێت و لەناو نەچێت.
ب.گ
Comments are closed.