هونەرمەندان: کاریگەریی هونەری بەرگریی لە فیشەک کەمتر نییە

بڕوا ئەسعەد

هونەرمەندانی کەرکووک دەڵێن: ‘هونەری بەرگریی’ نرخ و بەهای لەو فیشەک و مووشەکانە کەمتر نەبووە، ئاڕاستەی دووژمن کراوە، جەختیش لەوە دەکەنەوە، دەبێت هونەرمەندان شانەوشانی هەموو کایەکانی تر خاوەنی هەڵوێست بن لە دژی داگیرکاریی.

لە پاڵ خەباتی چەکداریی و سیاسیی، یەکێک لە چەکە کاریگەرەکانی نەتەوەکان، کە وەک بەرگریی لە شووناس و هەبوون و ناسنامە ڕۆڵی گێڕاوە هونەری بەرگرییە، گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە ڕێبەر ئۆجالان بە نەتەوەیەکی “جینۆسایدکراو” پێناسەی دەکات، بە تایبەتی لە ڕووی کەلتوورییەوە، لەبارەی گرنگی هونەریی بەرگریی و خەباتی هونەرییەوە بەشێک لە هونەرمەندانی کەرکووک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

شێروان کەرکووکی
شێروان کەرکووکی

هونەرمەند شێروان کەرکووکی بە گرنگییەوە باسی لە هونەری بەرگریی کرد و وتی: هونەر یەکێکە لەو کایانەی شان بە شانی تفەنگ و کایەکانی دیکەی کۆمەڵگا، خزمەتی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستانی کردووە، هونەری بەرگریی بەها و کاریگەریی لەو فیشەک و مووشەکانە کەمتر نەبووە، کە ئاڕاستەی دووژمن کراوە، بۆیە هەمیشە لە شۆڕشە کوردییەکاندا شان بە شانی پێشمەرگە و گەریلاو شەرڤان، لە قۆناغە جیاجاکاندا، بەشێک بووە لە هاندانی خەڵک، بۆ بەشداریکردن لە شۆڕش.

شێروان کەرکووکی ئەوەشی ڕوونکردەوە: هوونەر کاریگەری گەورە و ڕاستەوخۆی هەیە لە درووستکردنی شۆڕش و بەڕێوەبردنی شۆڕش، بە درێژای شۆڕشەکانی پێشوو لە باشووری کورستان، ئەو هونەرە ڕۆڵی گەورەی هەبووە، بەڵام بە داخەوە ئێستا کاڵ بووەتەوە، نازانم بە تەواوی هۆکارەکەی هونەرمەندانە یان دەسەڵاتە، بەڵام بە گشتی سروودی نیشتیمانی و هاندان بۆ بەرگریی کەم بووەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو هونەرەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە.

چالاک سدیق
چالاک سدیق

هونەرمەندی موزیسیان چالاک سدیق، باسی سروودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیبی کرد وەک نموونەیەک و وتی: هونەری بەرگریی لە کوردستان، بە پێی سەردەمەکان بوونی هەبووە، بە تایبەت لە کاتی شەڕی چەتەکانی داعشدا، زۆربەی هونەرمەندان خاوەنی بەرهەمی لەو جۆرە بوون، بۆ ئەو بەرخۆدانەی دژی ئەو کۆنەپەرستانە دەکرا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب، ٦٠ ساڵێک لەمەوبەر درووستکراوە، یەکێک بووە لە هونەرە گەورەکان بۆ شۆڕش  و بەرخۆدان.

ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە، هەرکاتێک هەر کارەساتێک ڕوو لە هەر بەشێکی کوردستان بکات، پێویستە هونەرمەندان خاوەن هەڵویستبن و بێدەنگ نەبن.

ب.گ

Comments are closed.