شوان داودی شکستێکی مێژوویی کورد لە کەرکووک ئاشکرا دەکات

بڕوا ئەسعەد

شوان داودی چاودێری سیاسیی  لەبارەی سیاسەتی پەدەکە و پەرتەوازەیی دەنگی کورد لە کەرکووک دەڵێت: کورد لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانێت نیوەی دەنگەکانیش بەدەستبهێنێت، ئەمەش دەبێتە یەکەم شکست لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە، دەشڵێت: حزبی کوردی هەیە لە کەرکووک لە بەرەی تورکمانی زیاتر جێگەی باوەڕە بۆ دەوڵەتی تورک.

دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە و خواستی هاوڵاتییان بۆ دروستكردنی یەك لیستی هاوبەش لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا بەتایبەتی لە کەرکووک، بەڵام پەدەكە دژ بەو خواستە وەستایەوە و دەنگی کوردی پەرت کرد و پاڵیدایە بەرەی تورکمانی و عەرەبی سونەوە.

وابڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت و کورد بە فرەلیستی بەشداریی دەکات، لەمبارەیەوە، شوان داودی ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی، لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

ڕۆژنیوز: کورد لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانێت لە کەرکووک دەنگی زۆرینە بە دەست بهێنێت؟

شوان داودی: لە دوای ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار کرایەوە، خەڵک بە گشتی و کورد بە تایبەتی، هەستیان بە مەترسییەکان کرد، پەرتبوون لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە، لەم هەڵبژارنەدا دەنگ لە بەرژەوەندی لیستە گەورەکاندایە، حزب و لیستە بچووکەکان ئەگەر دەنگی پێویست نەهێنن، دەنگەکانیان دەسووتێت، بەداخەوە کورد لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانێت نیوەی دەنگی شارەکە بەدەست بهێنێت، ئەمەش دەبێتە یەکەم شکست لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە، کە نەتوانرێت زۆرینەی کورسییەکانی شارەکە بەدەست بهێنێت، بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاری لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ڕوویداوە، کورد زۆرینەی کارتەکانی لە دەستداوە.

وتیشی: کورد لە پۆستە گرنگ و هەستیارەکاندا لابراون و نین، کورد تەنها دەنگدەرەکەی ماوە، دەنگدەرەکانیش بە هۆی لیستەکانەوە دابەش بوون، تەنانەت کاندیدەکان نەتوانراوە بە شێوەیەکی باش دابنرێن، بە هۆیەوە سەرلێشێواوییەک هەیە، کوردی کەرکووک نیگەرانن لە فرەلیستی و فرە کاندیدی، لە بارودۆخێکی وەهادا هیچ شتێک لە بەرژەوەندی کورددا نییە، کوردیش لە بەرژەوەندی خۆیدا نییە.

بۆچی کورد نەیتوانی یەک لیست بێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک؟

شوان داودی: لە ساڵی ٢٠٠٣ کاتێك کورد یەکڕیز بوو، توانی دەستکەوتی گەورە بە دەست بهێنێت بۆ گەلی کورد، ئێستا جیهان و ناوچەکە، بە عێراق و کوردستانەوە، لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، بە داخەوە ماڵی کوردی ئامادە نییە لە بەردەم گۆڕانکارییەکاندا، ئەوەش وا دەکات زیانی گەورە بکەین لە بری ئەوەی قازانج بکەین، بەداخەوە هێزە کوردییەکان دابەش بوون بە سەر هێز و جەمسەرە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکاندا، کورد لە ناو جەمسەرەکاندا کارتی لاوازن، جەمسەرەکان بە کاریان دەهێنن،  نەک ئەوەی جەمسەرەکان بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان، لە سەر حسابی دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەستکەوتی حزبیان پێ دەدرێت.

لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، نوێنەرانی کورد دەتوانن پارێزگارێکی کورد هەڵبژێرن؟

شوان داودی: بینیمان پێش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زۆرینەی کوردبوو، بەڵام پەدەکە ئامادە نەبوو ڕێککەوتن بکات لە سەر هەڵبژاردنەوەی پارێزگارێک و داویان کرد پارێزگار بۆ ئەوان بێت، یان کەسێکی دیکەیان قەبووڵ نییە، من پێموایە لەم هەڵبژاردنە کورد ئەگەر ١٠ کورسیش بێنێت، بە پەرتەوازەیی بچنە ئەنجوومەنی پارێزگاوە، جارێکی دیکە کورسییەکان دابەش دەبنەوە، لەبەر ئەوەی جەمسەرەکان لەوێش ڕۆڵیان هەیە، گەورەترین کارتی کورد یەکڕیزییە و ئەویشی لەدەستداوە، هەتا کێشەکان لەناو هەرێمی کوردستان چارەسەر نەبێت، لە کەرکووکیش چارەسەر نابێت، بەم دۆخەی ئێستا هەیە کورد ناتوانێت پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دیاری بکات، دەنگی زۆرینەی کورد بە تەنها حزبێک نییە، بەشێکی دەنگەکان هی پەدەکەیە، بەڵام پەدەکە لە بەرەیەکی ترە.

پڕۆژەی کورد چییە بۆ کەرکووک؟

شوان داودی: لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی عەرەب و تورکمان لەناو کەرکووک ژیاون، بە خەڵکە ئاساییەكانەوە، تەنانەت ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی بە هۆی مادەی ١٤٠ ـەوە گەڕابوونەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان بۆ خوارووی عێراق، لەم چەند ساڵەی ڕابردوو هاتوونەتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام کوردی کەرکووک کاتێک دەچنە دەرەوە، ئامادە نین بگەڕێنەوە.

وتیشی: ئەو باوەڕییەی خەڵک هەیبوو بۆ خاک دەسەڵات کوشتوویەتی، لە ماوەی ١٤ ساڵ حوکمڕانی کورد لە کەرکووکدا عەرەب ڕێگەی نەداوە کورد بە ئارامی بژی، لە ڕێگەی تیرۆر و تەقینەوەوە، دژایەتی کوردی ئەم شارەیان کردووە، بەڵام کورد هەنگاوی وای نەناوە لە ماوەی ٦ ساڵی حکومڕانی عەرەب لە شارەکەدا، کورد لە پرسی خاکەوە هاتە سەر پرسی ئابووری و نەوت، لە پرسی نەوت شکستمان خوارد و پاشەکشێمان کرد بۆ پرسی بودجە، لەوەش شکستمان خوارد و هاتینە سەر مووچە، لە مووچەش شکستمان خوارد هاتینە سەر قەرز، واتا لە پرسی خاکەوە هاتینە سەر قەرز.

دەبوو کورد لە کەرکووک چی بکردایە و نەیکرد؟

شوان داودی: کورد دەیتوانی بە جۆرێک پشتیوانی لە بەڕێوەبردنی کەرکووک بکردایە لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر، کۆمەڵێک دەستکەوتی هەبوایە، ئێستا کورد لە شارەکە نە دەسەڵاتی هەیە، نە ئۆپۆزسیۆنە، گرفتە گەورەکە ئەوەیە کورد لە شارەکە پڕۆژەی نییە، بابەتەکە کەسیی نییە، کورد بە لایەوە ئاساییە عەرەبێکی شۆڤێنی پارێزگاری کەرکووک بێت، لە حەویجەوە سنووری عەرەبی دەست پێ دەکات تا مۆریتانیا، بەڵام ڕازی نابێت پارێزگاری کەرکووک تورکمان بێت، چونكە کورد نەیتوانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەكە دابنێت.

چارەسەری پرسی کورد لە کەرکووک چییە؟

شوان داودی:  ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ کورد بە دەستی هێناوە هەمووی لە دەستداوە، ئێستا ئەوانە بە دەست نایەتەوە، ئەگەر لە ساڵی ١٩٩١ کەرکووکمان بکردایە بە هەرێمێکی سەربەخۆ، لە ڕاستیدا دەبوو بە هەرێمێکی کوردیی، بەڵام ئێستا هەر ئەم کەرکووکە بکە بە هەرێمێکی سەربەخۆ نابێت بە هەرێمێکی کوردی، جیاوازییەکە ئەوەیە کورد هەموو کارتە بەهێزەکانی پێشتر هەیبوو لە دەستی داوە، هەموو نەتەوەکان شەڕی مانەوەی خۆیان دەکەن لە کەرکووکدا، هەمووشیان پشتیوانی جیاوازیان هەیە.

وتیشی: تەنها بەرەی تورکمانی نییە پشتیوانی دەوڵەتی تورکە لە کەرکووک، حزبی کوردی هەیە پشتیوانی دەوڵەتی تورکە، عەرەبی سونەش پشتیوانی دەوڵەتی تورک و وڵاتانی كەنداوی هەیە، هەروەها لە کورد و عەرەب و تورکمانیش دژی تورک هەن، پارتە تورکمانییەکانیش زۆر ڕێک نین لە ناوخۆیاندا، حزبی کوردی هەیە لە بەرەی تورکمانی زیاتر جێگەی باوەڕە بۆ دەوڵەتی تورک.

 دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە چی ئاستێکدایە لە کەرکووک؟

شوان داودی: کەرکووک وەکوو قەڵای ستراتیژی کورد گرنگە، سنووری کوردستانە بە عەرەبستانەوە، هەروەها کەرکووک شارێکی دەوڵەمەندە، دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزبوونی کورد، جوگرافیای کەرکووک گرنگی خۆی هەیە بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان، تورکیا پڕۆژە و بەرەیەکی ڕانەگەیەندراوی هەیە لە ناوچەکەدا کاری لە سەر دەکرێت، پێشتر ئەو بەرەیە بۆ عێراق بوو، پەدەکە و بەشێک لە عەرەبی سوننە و سەدرییەکان بوون، کاریان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکرد، بە کشانەوەی سەدر نەیانتوانی سەرکەوتووبن، لە کەرکووک پشتیوانییەکانی ئەو بەرەیە بە شێوەیەکی تر لەم ناوچانە درووست بووەتەوە.

وتیشی: داینەمۆی پڕۆژەی تورکیا لە عێراق خەمیس خەنجەرە، کاری لە سەر دەکات لە نێوان پێکهاتەکاندا، نیشانەکانی ئەو بەرەیە دیارە، لە دوای هەڵبژاردنەکان دەکەونە کارکردن لە سەر پڕۆژەکانیان، بەڵام بەرەی بەرامبەر خاوەنی پڕۆژەیەکی ڕوون نین، چونکە کورد لە هاوکێشەیەک دایە، ناتوانرێت بە تەنها کار بکرێت لە کەرکووکدا، جەمسەرەکان و پرسەکان بەرە و هێزەکان لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد دا نییە.

ب.گ

Comments are closed.