لە مەراسیمێکدا ناساندنی کتێبی (ئەم برینە هەرگیز ساڕێژ نابێت) بەڕێوەچوو

سلێمانی

ئەمڕۆ لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت-CDO مەراسیمێک بۆ ناساندی کتێبی داستانە شیعری (ئەم برینە هەرگیز ساڕێژ نابێت) ساز کرا، پاشان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بەو کەسانەی وەرگێڕانی کتێبەکەیان کردووە و بە کتێبەکەوە ماندووبوون.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕاهێنانی دیموکراسی لە شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت، بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، مەراسیمی ناساندنی کتێبی داستانە شیعری (ئەم برینە هەرگیز ساڕێژ نابێت) ساز کرا کە لە نووسینی شاعیری لاو مەریوان قەرەداغی، بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی وەرگێڕانی بۆ کراوە، کتێبەکە باس لە وردەکاری جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکات لە شنگال.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان لەلایەن وەرگێڕی کتێبەکە و ئامادەبووانی مەراسیمەکەوە چەند وتەیەک پێشکەش کرا .

لەو بارەیەوە حاکم قاسم شنگالی لە بارەی کتێبەکە و جینۆسایدی ئێزدییەکان وتی: برینی شنگال برینی عەفرین و سلێمانییە، یەکەم جینۆساید نییە بەسەر ئێزدییەکان دەهێنرێت ئەمە ٧٤ جارە تەنیا لە کوردستانی عێراق ئێزدییەکان ئەم تاوانەیان بەرامبەر کراوە.

ئەوەی جێی باسە حاکم قاسم هاوکاری تەواوی شاعیری لاو مەریوان قەرەداغی بووە لە دابین کردنی ئەو دۆکیۆمێنتانەی پێویستی بووە و پشتگیری تەواوی کردووە، چونکە تەواوی زانیاریی ئەو کارەساتەی لا بووە و بینیویتی.

پاشان جەواد حەیدەری لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، هیچ برینێک ساڕێژ نابێت بە تایبەت برینە قووڵەکان، هەرگیز برینی ئەو منداڵەی بەر لەوەی خودا بناسێت و بمرێت ساڕێژ نابێت، من باسی وەرگێڕانی بەشی فارسییەکەی دەکەم، لە ڕاستیدا ئەم کۆمەڵە شیعرە بریتییە لە لاوانەوە، ئەو کەسانەی لە بواری وەرگێڕان ئیش دەکەن باش دەزانن کە زۆر قورسترە لە نووسین بە تایبەت لە بواری شیعردا، ئەم شیعرانەی کاک مەریوان مێژوویەکمان بۆ دەگێڕێتەوە لە جینۆساید، من زۆرم پێ سەیرە ئێمە چۆن توانیومانە بەردەوامبین دوای ٧٤ جار جینۆساید کە بەسەر کورد هاتووە، بڕوا ناکەم لە مێژوودا جگە لە کورد بەسەر کەسی تر هاتبێت.

محەممەد سەڵاح بەرزنجی کە وەرگێڕانی بەشی عەرەبی کردووە وتی: بەڕاستی کاک مەریوان ڕۆیشتووتە تەواوی وردەکارییەکان و مەئساتەکانی جینۆسایدی ئێزدییەکانەوە کە لە شنگال لە سەر دەستی چەتەکانی داعش بەسەریان هاتووە، بۆ گۆڕینی ئەم داستانە چەند مانگێکم پێ چووە، بە پێویستم زانی کە ئەم کتێبە وەربگێڕم تا برایانی عەرەبیشمان ئەوەی کە کورد دەینووسێت دەربارەی بابەتە مرۆڤایەتییەکان، لەوانە جینۆسایدی برا ئێزدییەکان تا ئەوانیش ئەمە بزانن، کە ئێمەی کورد مرۆڤ پەروەرین.

دکتۆرە جوان قاسم وەرگێڕی بەشی ئینگلیزی کتێبەکە وتی: من بە ئەرکی خۆم دەزانم لە سەر هەر بابەتێک تایبەت بە کورد بێت جینۆساید یان هەر شتێکی دیکە کاری لەسەر بکەم، وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی ئاسان نەبوو هیوادارم بە دڵی خوێنەر بێت.

لە کۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر ئەو کەسانەی وەرگێڕانیان بۆ کتێبەکە کردبوو لەگەڵ ئەو کەسانەی پێوەی ماندووبوون دابەش کرا و کۆتایی بە مەراسیمەکە هێنرا.

ر.س

Comments are closed.