کاوێز مەلا پەروێز: پەدەکە دژی خواستی کوردە لە کەرکووک

بڕوا ئەسعەد

کاوێز مەلا پەروێز بەرپرسی پێشووی گشتی ڕاگەیاندنی پەدەکە لە کەرکووک، دەڵێت: لەبەر ئەوەی پەدەکە دژی خواستەکانی گەلی کوردە لە کەرکووک و بەهۆی سیاسەتە نا دیموکراسییانە و نا نەتەوەییەکانی ئەو حزبەوە وازم لە پۆستەکەم هێنا، هاوکات باس لە پەیوەندی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دەکات دژی کورد.

دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە و داواکاریی بۆ یەکڕیزیی و خواستی هاوڵاتییانی کورد بۆ درووستكردنی یەك لیستی هاوبەش لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا بەتایبەتی لە کەرکووک، بەڵام پەدەكە دژ بەو خواستە وەستایەوە و دەنگی کوردی پەرت کرد و پاڵیدایە بەرەی تورکمانی و عەرەبی سونەوە.

وابڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت و کورد بە فرەلیستی بەشداریی دەکات، لەمبارەیەوە، کاوێز مەلا پەروێز ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی پێشووی گشتی ڕاگەیاندنی پەدەکە لە کەرکووک لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت، هاوکات هۆکاری وازهێنانیشی لەو حزبە ئاشکرا دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

ڕۆژنیوز: چی بووە هۆکاری ئەوەی واز لە پەدەکە بهێنیت؟

کاوێز مەلا پەروێز: هەر کەسێک تەماشای سیاسەتی پەدەکە بکات لە کەرکووک، بەسە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو بڕیارەی لە پەدەکە دووربکەوێتەوە، بە داخەوە کەرکووک، لە هەنبانەی ئەو حزبەدا گرنگی  و بایەخی نەبووە، کە دەبوو گرنگترین شوێنی کایە سیاسیەکانی ئەو حزبە بوایە، هیچکات بێدەنگ نەبوومە، لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ڕەخنەم لێگرتوون بە وتن و بە نووسین لە هەموو میدیاکان، بەڵام گەیشتمە بڕیارێک ئیتر ئەوە خۆفریودانە، لە کاتێکدا خەڵکی شارەکە زۆرترین قوربانی داوە، بەڵام کە نەوت لە هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە، کەرکووک، لە ئەجندای سیاسیی پەدەکە بە تەواوی کاڵ بووەوە.

سیاسەتەکانی پەدەکە لە هەرێمی کوردستان  و لە کەرکووک، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کاوێز مەلا پەروێز: ئەگەر پەدەکە لە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی درووستی بکردایە کاریگەری لە سەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش دەکرد، ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانی من بوو، بە موزایەدکردن بە کەرکووکەوە، هەوڵیان دەدا شکست و کەمووکورتییەکانیان لە هەرێمی کوردستان داپۆشن، بە دڵنیایەوە ئەوەی لە کەرکووک باجەکەی دەدەین، پەیوەندی بە بەڕێوەبردنێکی شکستخواردووەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان.

بۆچی پەدەکە ڕێگربوو لە درووستکردنی یەک لیستی کەرکووک، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک؟

کاوێز مەلا پەروێز: یەكێک لە هۆکارەکان، بۆ ئەوەی دەستلەکار بکێشەمەوە لە ناو پەدەکە، هەڵوەشاندنەوەی یەک لیستی و یەکڕیزیی بوو لە کەرکووک، سیاسەتێکی زۆر ناحەزانەبوو بۆ کەرکووکییەکان، چوونکە دژی یەکڕیزیی کوردەکان بوون، هەموو پارتە کوردییەکان لە کەرکووک، ئامادەبوون لە چوارچێوەی یەک لیستدا بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ من و هەموو خەڵکی شارەکە، چوونکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکەیە، بە داخەوە پەدەکە ئەو یەک لیستییەی تێکدا، پێش خەڵکی کەرکووک، زیاندمەندی یەکەم پەدەکەیە، نازانم حیکمەتی ئەوە لە چیدابوو، پێموتن بۆچی هەموو وزەمان کۆ نەکەینەوە لەگەڵ پارتەکانی دیکە بۆ خزمەت بە ئەجندای نەتەوەیی لە کەرکووک، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە ئەو شکستانەی لە ماوەکانی ڕابردوودا بە سەر خەڵکی شارەکەدا هێناومانە قەرەبووی بکەینەوە، بەڵام ئەجنداکەیان دیاربوو، بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو پرسە بوون.

وتیشی: نەمدەزانی حیکمەتی ئەمە لە چیدایە بەوشێوەیە دژایەتی کەرکووک و کەرکووکییەکان دەکەن، لەوانەیە پەیوەندی بە ئەجێنداکانی دەوڵەتی تورک و وڵاتانی دیکەوەهەبێت، بۆ ئەوەی نەیانەوێت کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بگەنەوە بە پێگەی خۆیان.

گەڕانەوەی پەدەکە هیچ سوود و گرنگییەکی هەیە لەم کاتەدا بۆ کەرکووک و پرسی کورد؟

کاوێز مەلا پەروێز: هیچکات سیاسەت بە درووشمی باقوبریق ناڕوات بەڕێوە، ئێستا خەڵک لە هەرێمی کوردستان و کەرکووکیش زۆر هۆشیارە، ئیتر ناتوانرێت خەڵک بە درووشمی بریقەدار فریوبدرێت، لە دوای ساڵی ٢٠١٧ ـەوە یەکێک بووم لەو دەنگانەی دەموت دەبێت واز لە چەمکی پڕووپووچ و داگیرکاریی بهێندرێت.

وتیشی: پەدەکە لە سەر پۆستەکانی عێراق شەڕ دەکات، ئاڵای عێراق لە دوورترین شوێنی هەرێمی کوردستان هەیە، کەچی چەمکی داگیرکەر بۆ عێراق بەکاردەهێنێت، بەکارهێنانی ئەم چەمکە بۆ فریودانی خەڵکە، لەم ڕۆژانەدا بینیمان پەدەکە زۆر زەلیلانە چوونەتەوە ژێر دەستی سەرۆکایەتی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان، هیشتا بارەگاکانیشیان پێ نەداونەتەوە.

لیستی کاندیدانی پەدەکە لە کەرکووک، نوێنەرایەتی کورد دەکات؟

کاوێز مەلا پەروێز: زۆر لاوازن ئەمەش پەیوەندی بە عەقڵی سیاسییەوە هەیە، ناتوانرێت لە هەولێر قسەی زل بکەیت و پێتوابێت خەڵک دەچێت بە دەم داواکەتەوە، تەنانەت دۆخێک خوڵقاوە، ڕێکخستنەکانی پەدەکەش لە ناو دوودڵی و شڵەژاندان، دەرئەنجامی ئەوەیە، کەرکووک بۆ پەدەکە گرنگ نییە، پەدەکە پێیوایە ڕێکخستەکانی وەکوو مەڕ ئاڕاستە دەکات.

ئەگەر نەتوانرێت پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنرێت، چارەنووسی کورد چی لێ دێت؟

کاوێز مەلا پەروێز: ئەو کاتە وەکوو ئێستا کورد هەست بە ستەم دەکات، هەبوونێکی کاریگەری نابێت، لە بەر ئەوەی کەرکووک لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە عێراقە، عەرەب ئەگەر پۆستی پارێزگاریشی نەبێت، عێراق ئەوە بۆ عەرەب پڕ دەکاتەوە، بەڵام کورد بێکەسە، بۆیە پارێزگارێکی کورد  نەبێت هەمیشە هەڕەشەی پێشێلکردنی مافەکانیان لەسەرە.

وتیشی: دەوڵەتی تورک کە سەرکردایەتی بەرەی سووننە دەکات، کاریگەری زۆری هەیە لەسەر دۆخی ئێستای کەرکووک، تورکیا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دابەشبوونی کورد لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠، دەرفەتی یەکگوتاریی بە کورد نادات، ئەگەر کەرکووک لای کورد بێت، کورد لە عێراق بەهێز دەکات، ئەگەر لای عێراقبێت وا دەکات عێراق بەهێزبێت، هەر کەرکووکە بووە بە هۆکاری زەلیلکردنی هەرێمی کوردستان بەدەست عێراقەوە، کێشەی کورد ئەگەر نەگات بە چارەسەر کورد لاوزتر دەبێت، بەڵام هەمیشە ڕۆحی کوردبوون بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ب.گ

Comments are closed.