“پێویستە ژنان ئەو بەهرانەی هەیانە پیشانی کۆمەڵگەی بدەن”

قەڵادزێ

به‌شێک له‌ ژنان له‌ پاڵ ئه‌رکی ماڵه‌وه‌ خه‌ریکى کارى ده‌ستیین و توانیویانه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بژێوی ژیانیان دابین بکه‌ن، وەکو خۆشیان دەڵێن: هەرچەندە پشتگیری خێزان بۆ ژن زۆر گرنگە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە ژنان لەلایەن ماڵەوە هاوکاری ناکرێن، بۆیە پێویستە ژنان ئەو توانا و بەهرانەی هەیانە پیشانی کۆمەڵگای بدەن.

سەبارەت بە ڕێگریی و بەربەستەکانی بەردەم ژنان و چۆنییەتی کارکردن و دەرخستنی تواناکانیان ژنانی دەست ڕەنگینی شارۆچکەی قەڵادزێ بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

شانیا خدر
شانیا خدر

لەمبارەیەوە شانیا خدر وتی: پێویستە ژنان وەکو تاکێکی کۆمەڵگا سەیر بکرێن، وەکو دەزانرێت لە ڕابردوودا بە چاوێکی کەم سەیری ژنان کراوە و لە ئێستاشدا تا ڕادەیەک ژنان ناتوانن بە ئازادی کار بکەن، بچنە دەرەوە و ئەو خەون و ئامانجانەی کە لە ژیانیاندا هەیانە بە ئازادی پێی بگەن،  بەداخەوە ڕێگری و بەربەستێکی زۆر لەبەردەم ژنان هەیە.

وتیشی: ژنانیش پێویستە خۆیان هەوڵبدەن، پێوسیت ناکات هەمیشە پشت بە پیاوێک یان برا و باوک و هاوسەری ببەستن،  ئەبێت خۆیان هەڵ بدەن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن ، ژنان بۆ ئەوەی بەردەوامبن پێوسیتە هەمیشە کەسایەتی خۆیان بپارێزن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن و لە پێناو خەون و ئامانجەکانیان تێبکۆش.

ژینۆ عوسمان
ژینۆ عوسمان

ژینۆ عوسمان سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: ژنان گرنگە سەرەتا خۆیان دەستپێشخەربن لەو بەهرانەی هەیانە و پەرەی پێبدەن، هەرچەندە پشتگیری خێزان بۆ ژن زۆر گرنگە بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە ژنان لەلایەن ماڵەوە هاوکاری ناکرێن، بێگومان ژنانیش هیچیان کەمتر نیە لە پیاوان، زۆر ژنی دەست ڕەنگین و بەهەرەدارمان هەیە کە دەتوانێت کاری زۆر باش ئەنجام بدات.

ئەو ژنە وتیشی: باوەڕبەخۆبوون بۆ ژنان زۆر گرنگە، باوەڕت بەوە هەبێت کە تۆ دەتوانیت و بەهەرەکەت دەربخەیت، پەیامم بۆ ژنان بەگشی ئەوەیە کە لە توانایدا هەیە و دەزانێت بەهرەیەکی هەیە، با بەهرەکانیان پشتگوێ نەخەن و نەیشارنەوە و پیشانی بدەن لە بوارەکەی خۆیاندا.

ش.ئ

Comments are closed.