لە نێوان پەكەكە و تەراتێنی میتی توركیدا

بنار هیدایەت

لەمیانەی چەند وتەیەكی ئێكسپایەری بۆ سودی جەنەڕاڵەكانی تورك، پیاوێكی دەستی سێی پەدەكە لەسەر یادی سلێمانی دەڵێت “پەكەكە بەڕێوەی دەبات”، پیاوێك تا ئێستا خزمەت بە بكوژانی باوكی دەكات، هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە و سلێمانی بە ڕەوایەتی دەزانێت، هێرشەكانی بۆ داڵدانەوەی ئەو سوكایەتییانەیە سەركردایەتی حزبەكەی پێیكرد. لەبیری چۆوە لە شەنگال سەرۆكەكەی لە خزمەت گەریلا و شەڕڤانان بوو تا ئەو ئابڕووچوونەی كوڕەكەی هێنای بەسەر شانی برایانی ئێزدی لەبیر هاوڵاتیانی كوردستان بباتەوە.

كاتێك كەركووكی دڵی كوردستانەكەیان خەریك بوو بەدەست چەتەكانی داعشەوە لە لێدان بكەوێت كێ هاوشانی پێشمەرگە بەرگری كرد، قەناسەكەی كەركووكی بوو یا شەڕڤان و گەریلا…!

یەقینم وایە و ئەوە قەناعەتە پەكەكە بوون عەیبەیەك نییە و لكەیەك نییە بە ناوچەوانتەوە دیار بێت، پەكەكە بوون بۆ خزمەتی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕزگاركردنی خاك و زمان لە داگیركەر نە نەگییە نە ناپیاوی، ئەوەی نەنگییە پێشڕەوی كردن و چاوساغی تورك و ئەتاتوركەكانە لە هەرێمی كوردستان.

برادەرەكەی دەستی سێی پەدەكە ئەوەی بیرچۆتەوە توركێكی عوسمانی نە كونە ماسی شارەزایە نە برادۆستی بینیوە، نەهاتووچۆی پێنجوێن و پشدەری كردووە، ئەوە قەت لەخۆی نەپرسیوە فرۆكە بێفڕۆكەوانەكان و بایرەقدارەكان چۆن ئەو شوێنانە شارەزان ئەگەر تۆڕە سیخوڕییەكەی سەركردایەتییەكەی نەبێت.

كەسێكی هەرسینی لەخۆی نەپرسیوە ئێستا كوردستان و ژێر دەسەڵاتی حزبەكەی بۆتە تەراتێنی میتی تورك و عوسمانلی، نازانێت لقی دووهەمی چانكایا لە هەولێرە، ئەگەر نا با من وەبیری بهێنمەوە، عوسمان كۆسەی گەورە میتی تورك لە هۆقەباز چی دەكرد، ئەی هاتووچۆی گەرمی نێوان هاكان فیدان و برایانی گەورەی حزبەكەی زوو زوو بۆ ئەنكەرە بۆ چییە، پێدەچێت لە هزری خۆیدا وای وێنا كردبێت بۆ ڕزگاركردنی كوردستانە، بەڵێ بەشێكی وێناكەی ڕەنگە دروست بێت، لای پەدەكە گەریلا و شەڕڤان دەچنە خانەی دوژمنەوە، ئەڵقە لەگوێیی بۆ مانەوەیان دەبێت شۆڕشگێر بە دوژمن بزانن، ئەگەر نا تا كوردێكی خاوەن بیری كوردایەتی مابێت ئەوانەی بۆ خزمەتی وڵات تێدەكۆشن و ئەوانەی وڵاتپارێزی دەكەن كوردی ڕەسەنن، نەك ئەوانەی داردەستێكی هیچ لەبارانەبووی بوودەڵە.

پەشێوی مەزن لە دیوانی براكوژییدا جوانی فەرمووە كە دەڵێت ” پێشمەرگەیەك پێشمەرگەیەك بێت لەپێناوی سەردارێكی ……. چۆن چەك دەخاتە سەر پێ”.. ئەم پارچە هۆنراوەیە پڕ بەپێستی ئەوانەیە نۆكەرایەتی بۆ دەوڵەتێك دەكەن كوردبوون تیاییدا گوناح و تاوانە، وەك ئەوەی هەموو كوردێك لە هەسارەیەكی دیكەوە هاتبێت، با بیرم نەچێتەوە خۆ لای ئاكەپە هەموو كوردێك بێ شەرەفە، ئەرێ بەڕاست جەناب پارتییەكان “پەدەكە”كوردن یا كورد نین….!

Comments are closed.