هۆشداری دەدرێت لە بەکارهێنانی جۆرە دەرمانێک لە کاتی تووشبوون بە پەتای وەرزی

ناوەندی هەواڵەکان
پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی حەبی (ئەزیسرۆمایسین) کە بە حەبە (سێ دەنکی یەکە) ناسراوە و دەڵێت” ئەم دەرمانە بۆ نەخۆشییە ڤایرۆسیەکان نابێت”.

دکتۆر زانیار ئاغا، پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی یە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە” لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای وەرزی بەشێک لە هاووڵاتییان، ئەم دەرمانە بەکار دەهێنن کە پێی دەڵێن “حەبە سێ دەنکی یەکە یان شەش دەنکەکە”، ئەم دەرمانە ئەزیسرۆمایسینە خۆی دەرمانێکی دژە بەکتریایە و بۆ نەخۆشی ئەنفلۆنزا نابێت کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە”.

ڕاشیگەیاندووە، زۆرجار خەڵک سەربەخۆ دەرمانەکە دەکڕێت، کە شتی وا لە هیچ سووچێکی ئەو وڵاتانەدا نییە، کە دەسەڵاتی تەندروستی بەهێز بێت، چونکە مرۆڤ نابێت بە بێ ڕەچەتەی پزیشک دەرمانی دژە بەکتریا بە کار بهێنێت، بە ئاسایی دەرمانخانەکان پێی دەفرۆشن، جا دەرمانخانەی دەرمانساز بێت کە پزیشکی دەرمانسازی هەیە، یان دەرمانخانەی کارمەندی تەندروستی بێت، لە هەر دوو بارەکەدا هەر هەڵەیە.

ئەو پزیشکە هۆشداری زیاتری داوە و لە ڕوونکردنەوەکەی دەڵێت: ئەم دەرمانە بۆ ڤایرۆس نابێت، بەکارهێنانی وا دەکات لاشەت توانای بەرگری نەمێنێت بەرامبەر پەتا، جگە لەوەش وا دەکات لە کوردستان میکرۆبەکان چی تر نەکوژرێن بەم دەرمانانە.

دەشڵێت: حەبی ئەزیسرۆمایسین، کارلێک دەکات لەگەڵ دەرمانەکانی دژە چەوری وەکوو ئەتۆرڤاستاتین، بۆیە دەبێت بە چاودێری پزیشک بەکار بێت و تەنانەت زۆر جار پێویستە دەستکاری دەرمانی چەورییەکە بکرێت.

لە خاڵێکی دیکەدا باسی لەوە کردەوە، دەرمانی ئەزیسرۆمایسین، سەر بە گرووپی ئەو دەرمانانەیە، کە کارەبا گەیاندنی دڵ درێژ دەکەنەوە لە هەندێک کەسدا کە نەخۆشییەکی دەگمەنی دڵیان هەیە، بەمەش ئەگەری تێکچوونی کارەبایی دڵ دەبێت.

پاشان ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەرمانی ئەزیسرۆمایسین یەکێکە لە دەرمانە باشەکان بۆ چارەسەری زۆربەی بەکتریاکان، زۆریش سەلامەتترە لە دەرمانە کۆنەکانی دژە بەکتریا، بەڵام بە مەرجێک تەنیا پزیشک بۆت بنووسێت، چونکە دەتوانێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ هەموو ئەو پێشهاتانەی باسکران.

ر.س

Comments are closed.