ناوەندى هەواڵەکان
دکتۆر عەباس نەریمان دەڵێت، گەشکەی هۆشیاری جوزئی بریتییە لە جۆرێکی گەشکە، کە بەشێک لە مێشک دەگرێتەوە بە پێچەوانەی گەشکەی گشتگیر، کە هەموو مێشکی دەگرتەوە و کاری لە هەموو جەستەى کەسەکە دەکرد، دەشڵێت، یەکێک لە نیشانەکانى نەخۆشییەکە بریتیە لە هەستکردن بە تام و بۆنێکی نامۆ و تێکچوونی هەستی بینین.
دکتۆر عەباس نەریمان، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى مێشک و دەمار لە نووسینێکدا ئاماژە بە نەخۆشى گەشکەی هۆشیاری جوزئی Focal aware seizures و نیشانەکانى و چۆنیەتى چارەسەرکردنى دەکات و دەقى نووسینەکەشى بەمجۆرەیە:-
گەشکەی هۆشیاری جوزئی چییە؟
ئەم حاڵەتە بریتیە لە جۆرێکی گەشکە، کە بەشێک لە مێشک دەگرێتەوە بە پێچەوانەی گەشکەی گشتگیر، کە هەموو مێشکی دەگرتەوە و کاری لە هەموو جەستەى کەسەکە دەکرد.
کاتێک کەسەکە توشى حاڵەتەکە دەبێت چى ڕوودەدات؟
کاتێک کەسەکە توشى حاڵەتەکە دەبێت لە هۆش خۆی ناچێت و ئاگادارە، کە چی ڕوودەدات و هەست دەکات، کە جوڵە و هەستەکانی لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا نییە.
حاڵەتەکە ماوەى چەند دەخایەنێت؟
حاڵەتەکە بە گشتی کەمتر لە دوو خولەک دەخایەنێت و هۆکارەکەی زۆربەی جار نەزانراوە، بەڵام دەکرێت هۆکاری بۆماوەیی یا هەوکردن و برینداربوونی مێشک ئەم حاڵەتەی لێ بکەوێتەوە.
نیشانەکانى نەخۆشییەکە چین؟
نیشانەکان دەگۆڕێت بەپێی ئەوەی، کە حاڵەتە چ بەشێکی مێشک دەگرێتەوە، کە بە گشتی ئەمانەن:-
یەکەم- هەستکردن بە تام و بۆنێکی نامۆ و تێکچوونی هەستی بینین.
دووەم– کەسەکە دووچاری حاڵەتی دیژاڤوو دەبێتەوە، کە لەو کاتەدا هەستدەکات، کە پێشتر لەو شوێنە بووە یا پێشتر دووچاری هەمان حاڵەت بووەتەوە.
سێیەم– لە پڕێکدا هەست بە ترسێکی زۆر دەکات.
چوارەم– ڕەقبوون و گرژبوونی بەشێک لە جەستە وەک دەست یا قۆڵەکان.
پێنجەم– هەستکردن بە سڕبوون.
شەشەم– جوڵەی بەشێکی دەمووچاو یاخود لێوو.
حەوتەم– وڕێنەکردن.
چارەسەرکردنى حاڵەتەکە چۆن دەبێت؟
پاش دەستنیشانکردنی ئەم جۆرەی گەشکە پزیشکی پسپۆڕ چارەسەری پێویست دیاری دەکات.
ئــ.م
Comments are closed.