ڕانیە
ژنانی ڕاپەڕین، لەبارەی گۆشەگیرکردن و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانەوە دەڵێن: گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان گۆشەگیرکردنی سەرجەم گەلی کورد و ئازادییخوازانە، ڕێبەر ئۆجالان بۆ ماف و ئازادیی ژنان هەوڵدەدات، بۆیە دەبێت ژنان هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.
ماوەی ٣٢ مانگە، گۆشەگیرییەکی توند لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، ڕێگە بە پارێزەران و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن و هیچ زانیارییەکیش لەبارەی ڕەوشی تەندرووستییەوە نازانرێت، لەبارەی گۆشەگیرکردن و گرنگی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانەوە، ژنانی چالاکوانی شارۆچکەی ڕانیە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئاواز ئیسماعیل چالاکوان وتی: ئامانج لە دەستگیرکردن و گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان گۆشەگیرکردنی سەرجەم گەلی کورد و ئازادی خوازانە، بۆیە پێویستە ئێمە وەکو گەلی کورد بە تایبەتیش ژنان چالاکی بەرفراوان ئەنجام بدەین و ئەو گۆشەگیرییە شەرمەزار بکەین تا ئازادکردنی ڕێبەرمان، چونکە ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان تەنیا بۆ گەلی کورد بەرهەمدار نابێت بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی بندەست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمدارە.
ئەو چالاکوانە وتیشی: پێویستە ئێمە وەکو ژنان پێشەنگایەتی چالاکیەکان بکەین بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لەو گۆشەگیرییە ئازاد ببێت، گەلی کورد و بە تایبەت ڕێکخراوەکان، کە پەیوەندیدارن بە مافی مرۆڤەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، کە چەندین ساڵە دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و یاسایی لەلایەن دەوڵەتی فاشتی تورکەوە گۆشەگیر کراوە.

سێوە خدر ژنێکی ترە و سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان لەلای هەمووان ئاشکرایە، کە بەناهەق بەسەریدا سەپێندراوە، ئێمە هەرگیز ناترسین و نەترساوین دوژمن خەیاڵی خاوە، پاڵپشت و بەهێزتر دەبین بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان و دوژمن هەڵەیە بە توندکردنەوەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوە چەندین ساڵە نەپارێزەرانی نە بنەماڵەکەی نەیان بینیوە، هیچ کەسێک ئاگاداری دۆخی ڕێبەر ئۆجالان نییە، بەڵام ئێمە وەکو ژنانی ڕاپەڕین هەڵوێستمان دەبێت و داوا لە ژنانی هەر چوار بەشی کوردستانیش دەکەم خاوەنی هەڵوێستبن بۆ ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ.
سێوە لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ڕێبەر ئۆجالان بۆ ماف و ئازادی ژنان هەوڵدەدات، بۆیە دەبێت ژنان هەڵوێستی توندیان هەبێت، ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە هیچ جێگای قبوڵ نییە، بۆیە داواکاریم لە ژنانی هەر چوار بەشی کوردستان هەیە بە تۆکمەی و بە یەکگرتوویی بێنە سەر خەت، هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم بێنە دەنگ بۆ ئەوەی ئەو گۆشەگیرییە نەمێنێت.
ش. ئـ
Comments are closed.