ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان چالاکییەکانی ٢٥ـی نۆڤەمبەری ڕاگەیاند

سلێمانی

ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، چالاکییەکانی خۆی بۆ ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ڕاگەیاند، بڕیارە لە چەندین ناوچەی جیاوازی باشووری کوردستان سیمینار و ڕێپێوان بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ، ڕێکخڕاوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، لە شاری سلێمانی، چالاکییەکانی خۆی بۆ ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیاند.

شەیما نەبیل
شەیما نەبیل

ڕاگەیاندراوی ڕاگەیاندنی چالاکییەکانی ڕژاک، لەلایەن شەیما نەبیل خوێندرایەوە و ڕایگەیاند، وەکو ئەرکێکی ژنانە و ئەخلاقیانە دژی هەموو ستەم و توندوتیژیی و کۆمەڵکوژکردنی ژنانین، ئیتر ئەو کوشتنانە بە بیانوی “نامووس” یان هەر جۆرە بیانوویەک، تیرۆر و  بۆردوومانکردن بێت لەسەر خاکی خۆمان بە مەبەستی داگیرکاریی، چونکە ئەو ژنانەی تیرۆر دەکرێن لەلایەن داگیرکارانەوە و  ئەو ژنانەشی دەکوژرێن لەژێر ناوی “نامووس” و ئەو ژنانەشی کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت بە هەمان ئەقڵ دەکرێن، کە دژە ژن و دژە مرۆڤن.

ئەوەشی ڕاگەیاند، کە لەو پێناوەدا و بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین تێ بکۆشین و خوشکانی میرابەل بەبیربێنینەوە و تێکۆشانەکەیان بەردەوام بکەین، کە دژە ستەم تێکۆشاون.

هەروەها شێواز و شوێنی چالاکییەکانیشی ئاشکرا کرد و وتی: ڕێکخراوەکەمان هەڵدەستێ بە ئەنجامدانى ڕیزە سیمینارێک لە شاری سلێمانی، کەرکووک، ڕانیە و گەرمیان و ئەگەر خوێندنگەکانیش کرانەوە بۆ خوێندکاران سیمینار ئەنجام دەدەین، هەروەها چالاکی ڕێپێوان ئەنجام دەدەین، لێدوان و بڵاوکراوە لەناو خەڵکدا بڵاو دەکەینەوە.

ڕۆژی جیهانی ٢٥ی نۆڤەمبەر دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٦٠ ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتی دۆمینیکان سێ خوشک بە ناوەکانی (مینێرڤا، پاتریا و ماریا ترێزا) تێکۆشانێکیان لە پێناو ئازادیی و یەکسانی لە دژی سیستمی دیکتاتۆریی ئەو وڵاتە بەرێوەبرد، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی دۆمینیکانەوە، لە ڕۆژی ٢٥ـی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم)ـی ١٩٦٠ لە دوای ئەشکەنجە و بەکارهێنانی زۆرترین توندوتیژیی و دەستدرێژیی لەسەر ئەو سێ خوشکە، دەکوژرێن.

پاش تێکۆشانێکی بێ وچانی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕۆژی ٢٥ـی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دیاری کرا.

ش. ئـ

Comments are closed.