لە شوێنی بۆردوومانەکەی سنونێ ڕاگەیاندراو خوێندرایەوە

شنگال

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنان- تاژێ و خۆبەڕێوەبەری شنگال، لەو شوێنەی شەوی ڕابردوو بۆردوومان ئەنجامدرا ڕاگەیاندراو خوێندرایەوە، هێرشی سەر شەڕڤانانی یەبەشە شەرمەزارکرا و ڕایانگەیاند کە هەرگیز شنگال چۆڵ ناکەن و ئەوانەی شنگالیان ڕزگارکرد لە شنگال دەمێننەوە.

لە هەشتەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شنگالدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکیتر هێزەکانی پاراستنی شنگالی کرد بە ئامانج، شەوی ڕابردوو لە شارەدێی سنونێ لە شنگال، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی کە شەڕڤانانی یەبەشەی تێدابوو بۆردوومان کرد، یەبەشە ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو شەڕڤانی یەبەشە بە ناوەکانی بەرخۆدان شنگالی و ئارگەش فەرقین شەهیدبوون و شەرڤانیکی تریش بیرندار بوو.

تەڤگەری ئازادی ژنان- تاژێ و خۆبەڕێوەبەری شنگال بە بەشداری هەموو ڕێکخرا و دەزگاکانیانەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی سنوونێ لە شنگال ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

دایە شەمێ
دایە شەمێ

دایە شەمێ ڕەمۆ لەسەر ناوی کوردیناسیۆنی تاژێ قسەی کرد و وتی: شەوی ڕابردوو دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبیلێکی یەبەشەی کرد بە ئامانج، داگیرکەران بینیان کە ڕۆڵە ئێزدییەکانمان شنگالیان ڕزگار کرد و بە جۆش و خرۆشەوە ساڵیادی ڕزگارکردنیان پیرۆزکرد بۆیە ئەوانیان کرد بە ئامانج، لە هەمان کاتدا گەڕانەوەی خەڵکی ئێزدی زیادی کردووە، بۆ ئەوەی ئارامی ناوچەکە تێکبدەن و ڕێگا لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بگرن داگیرکەران هێرش دەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلەی کرا بە ئامانج ڕۆڵەی ئێزدیی تێدابوو، ئەو ڕۆڵە ئێزدیانەی داعشیان تێکشکاند، لە هێرشەکەدا چەکەکانیان هەڵگرت و سوێندیان خوارد و و ڕووبەڕووی هێرشەکان بوونەوە، بەڵام چی ڕوودەدات با ڕووبدات ئیمە سەر بۆ دوژمن دانانەوێنین، دەستبەرداری پرسی ڕەوای خۆمان نابین.

وتیشی: بە شەهیدان جەرگمان دەستوتێت، بەڵام ئێمە بەوان سەربەرزین، ئێمە بە شەهیدانمان وەڵامی دوژمنی خوێنخۆر و خۆفرۆش دەبینەوە، شەهدانمان شەهیدی شەرەفن ئەوانەن لە بەرامبەر خیانەت دەوەستنەوە، بۆیە هێرشیان کرایە سەر، دوژمن هەرچی دەکات ئێزدی دەست لە دۆخی خۆی هەڵناگرێت.

هەروەها سەیدۆ عەلی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی سنونێ قسەی کرد و وتی: جێگای هەرە ئارام لە ئێستادا شنگالە و لە ئێستادا خەڵکەکەی دەگەڕێتەوە بۆی، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ئارامییە بشێوێنن داگیرکەران هێرش دەکەنە سەری، بەڵام بەداخەوە حکومەت ئەوەندە دەڵێت ئێمە ئەم گەلە دەپارێزین، هەتا ئێستا هیچی نەکردووە و سەبارەت بەو هێرشانە دەنگی هەڵنەبڕیوە، پێوستە گەلەکەمان هەستێتە سەرپێ و بڵێت شنگال ڕادەستی کەس ناکەین، ئەوانەی شنگالیان پاراستووە هێزەکانی ئێزدییە، هەرکەس هەرچی بڵێت و چۆن هێرش بکات ئێمە دەست لە شنگالی خۆمان هەڵناگرین، خەبات و تێکۆشنامان لەسەر خاکی خۆمان بەردەوام دەکەین، شنگال شنگالی ئێمەیە.

لە کۆتاییشدا ئیهرام ئیسماعیل ئەندامی تاژی قسەی کرد و وتی: ئێمە هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین، دوێنێ ڕۆژی ئازادکردنی شنگال بوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەلماندی کە پشتیوانی لە داعش دەکات، ئێمە تا شەهیدێکی زیاتر بدەین، هێزی زیاتر بەدەست دەهێنین و سەرکەوتن بەدەست دەهێنین، لەگەڵ گەڕانەوەی خەڵکدا بۆ ترساندن هێرش دەکەن، بەڵام ئەم سیاسەتەیان سەرکەوتوو نابێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان و کۆتایی بە ئەوان دەهێنین.

چالاکییەکە بە درووشمی شەهید نامرن بژی بەرخۆدانی یەبەشە کۆتایی هات.

ب. ق

Comments are closed.