دوای بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت كۆدەبنەوە

ناوەندی هەواڵەكان

دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە جیا كۆببنەوە و دۆخی دوای بڕیارەکە تاوتوێ بکەن.

میدیا عێراقییەكان زانیاری لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بە جیای چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەنە ڕوو.

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە، بڕیارە لەناكاوەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كاردانەوەی لانەیە سیاسییەكانی لێكەوتەوە، دوابەدوای بڕیارەكەی دادگا، چوارچێوەی هەماهەنگیی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دوو كۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدەن و لایەن سیاسییەكانیش پابەندی خۆیان بە بڕیارەكەی دادگا دووپات دەكەنەوە.

عەباس عامری، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ تاووتوێكردنی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق ئەنجام دەدات دوای كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە كۆشكی حكومەت ئەنجام دەدات.

عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی ڕایگەیاند، سوپاسی ماندووبوون و هەوڵەكانی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم محەمەد حەلبووسی دەكەین لە ماوەكانی ڕابردوودا، هیواخوازین لە هەر كوێیەك بێت لە ئەركە نیشتیمانییەكانی سەركەوتوو بێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاند، پشتگیریی لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكەین، هیچ كەسێك لە سەرووی یاساوە نییە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق پابەندی یاسا و دامەزراوە دەستوورییەكان بن.

هاوپەیمانی عەزم، كە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەركردایەتی دەكرێت دەڵێن: باوەڕمان بە ڕێزگرتنە لە دەسەڵاتی دادوەریی و باپەندی بڕیارەكەی دادگای باڵاین.

سەر لە ئێوارەی دوێنی محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە ڕایگەیاند، بڕیاڕی دادگای فیدراڵی جێگەی سەرسوڕمانە، هەروەها دادگای فیدراڵی بەمجۆرە بڕیارانە ڕێز لە دەستوور ناگرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.