ئەحمەد کایا؛ چریکەیەکی بەسۆز بۆ خۆشەویستیی و هاوارێک بۆ ئازادیی

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٢٣ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی هونەرمەندی کورد، ئەحمەد کایا-دا تێدەپەڕێت، کە دەنگ و هونەرەکەی کردبووە چەکێک و شۆڕشی لە دژی ستەم و دوژمنانی ئازادیی پێ هەڵدەگیرساند.

ئەو بۆ خزمەتی گەلەکەی هونەر و سیاسەتی ئاوێتە کرد و فرمێسکی دایکانی دەکرد بە وشە، هەرچەندە ژیان تەنها دەرفەتی یەک گۆرانیی پێدا بە زمانی دایک تۆماری بکات، بەڵام هەمیشە گۆرانییەکانی گوزارشت بوون لە خواستی قوڵی بۆ ئازادیی گەلەکەی و پێکەوەژیان.

ئاوازدانەر و مۆسیقار و هونەرمەندی گەورەی کورد ئەحمەد کایا، ساڵی ١٩٥٧ لە شاری ماڵاتیا لەدایکبووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو، باوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتووەتە مەلەدی بۆ دۆزینەوەی کار، کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری کردووە، دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا ژیاون.

لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە سەرقاڵی مۆسیقا بووە، ئەمەش بووەتە سەرەتای کاروانێک، کە کایا دەگەیەنێتە لووتکەی ناوبانگ لە دنیای هونەردا، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و لە شەوی جەژنی کرێکاراندا گۆرانی بۆ کرێکارەکانی دیکە وتووە.

بەهۆی خراپی بار و گوزەرانی کوردەوە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان، خانەوادەی ئەحمەد کایا بە ناچاریی ڕوو لە ئیستەنبووڵ دەکەن، کایا بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئیستەنبووڵ شۆفێری تەکسی بووە، ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی بە ناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.

کایا لە منداڵییەوە خاوەن ڕۆحێکی یاخی بووە، لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی پۆستەر و لافیتە دەستگیر کرا، لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە “یانەی زانستەکانی خەڵک”، کە وای کرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی، ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبووم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی دیکەی ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

لە یەکەم ھەوڵیشیدا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی “ڕووحی سوو”، چووە زانکۆی “بۆغاز ئیچی” و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی بگرێ، دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت “ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکوو دەبێت بە نەرمی بیژەنی”. کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو.

لە ساڵی ١٩٨٥ ئەحمەد کایا یەکەم ئەلبوومی بەناوی “مەگری کۆرپەکەم” بڵاوکردەوە، بەڵام هەر زوو نۆبەرەکەی کایا ڕووبەڕووی ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتدارانی تورک دەبێتەوە و قەدەغە دەکرێت.

لە ١٠ـی شوباتی ١٩٩٩ کایا بووە براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی “چاپی تابلۆی”، کاتێک خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵی لە مەراسیمەکەدا وەردەگرت، وتی”من گۆرانییەکی کوردیم لەناو ئەلبومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم، گومانم نییە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی بوێر هەن، کە ئەلبومە تازەکەم بڵاو بکەنەوە”، دوای تەواوبوونی قسەکانی، چەندین ھونەرمەندی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: خائین! بڕۆ دەرێ، لەو بەناو هونەرمەندانەی کە پێشەنگایەتی ئەو بێ ڕێزیانەیان دەکرد بریتی بوون لە ئیبرۆ گۆندیش، سەردار ئۆرتاچ و رەها موهتار.

دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ـی نیسانی ١٩٩٩ تۆمەتی خەیانەتی نیشتمانیی دایە پاڵ ئەحمەد کایا و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە، تورکە نەژادپەرستەکان ھێرشیان کردە سەری، لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا، دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٢ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد.

ساڵی ٢٠٠٠ ئەحمەد کایا بە یەکجاریی ڕووی لە فەرەنسا کرد، بەڵام تاڕاوگە نەیتوانی برینەکانی ئەو ساڕێژ بکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی غەریبیی خۆیەوە بە چاوی فرمێسک قەتیسماوەوە، دەڵێت: هاوین بێت و زستان بێت شەوانە زۆر سەرمام دەبێت، لەبەر ئەوە نییە کە گەرمکەرەوە نییە، بەڵکوو یەک هۆکار هەیە، ئەویش لەبەر دووری وڵاتە سەرمام دەبێت، کۆتایی تەختی ئەم سیناریۆیە بە کەوالیسێکی کوشندە دادەپۆشرێت، ڕۆژێک دێت هەر دەگەڕێینەوە.

ئەحمەد کایا لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە فەرەنسا کۆنسێرتێکی گەورەی سازکرد، کە نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشدارییان تێداکرد و لەو کۆنسێرتەدا بۆ یەکەم جار گۆرانییەکی بەناوی “وەڵاهی بیری ئاپۆ دەکەین” چڕی.

ژیان لە غەریبی زۆری نەخایاند و لە ڕۆژی ١٦ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٠ لە فەرەنسا کۆچی دواییکرد و لە تەنیشت گۆڕی سینەماکاری بەناوبانگی کورد یەڵماز گۆنایەوە ئەسپەردەی خاک کرا.

کایا و هونەرەکەی هێندە کاریگەرییان هەیە، تا ئێستاش تورکەکان لە دەنگ و ناوی دەترسن، بە شێوەیەک لە سەروبەندی بیستەم ساڵڕۆژی کۆچی دواییدا، لە پاریس لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە گڵکۆکەیان شێواند.

لە ماوەی ژیانی هونەریدا ئەحمەد کایا ١٧ ئەلبوومی بڵاو کردووەتەوە، دوای خۆشی “گوڵتەن”ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواونەکراوەکەی بە ناوی “گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم” بڵاوکردەوە، چەن ئەلبوومێکی دیکەشی دوای خۆی بڵاوکرانەوە.

ش.ئـ

Comments are closed.