هەولێر
هەڵاواردنی جێندەریی و نادادپەروەریی بەرامبەر ژنان لە تەواوی جیهاندا بە شێوازی جیاجیا بوونی هەیە، کە هۆکارەکەی زاڵبوونی زهنییەتی پیاوسالارییە، لە بەرامبەر ئەودا ژنانی چالاکوان جەختدەکەنەوە، تەنها بە یەکدەنگیی و پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان دەتوانن مافەکانیان مسۆگەر بکەن.
ژنانی کورد هەمیشە بەشدارێکی کارا و سەرەکی بوون لە گشت قۆناغەکانی مێژوودا، لەسەرجەم کایە و بوارەکانی کۆمەڵگەشدا جێدەستیان دیارە و تواناکانیان سەلماندووە، بەڵام تا ئەمڕۆ بەهۆی باڵادەستی دەسەڵاتی پیاو، نەتواندراوە یەکسانی و دادپەروەریی ماف و هەڵدا مسۆگەر بکەن، ئەوەشی بە تێکۆشانی سەدان ساڵەی ژنان بەدەستهاتووە، لە چوارچێوەیەکدا بە چەقبەستوویی ماوەتەوە و کاریگەریی بەهێزی لەسەر هێنانەدی گۆڕانکاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نییە، هەر بۆیە ژنانی چالاکوان تەنها یەکدەنگی و یەکگرتوویی ژنان و پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان بۆ چارەسەری ئەو دۆخە و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەبینین.

لەو بارەیەوە ژنە چالاکوان سوعاد سەید ڕەزاق دەڵێت: هەبوونی بیر و هزری خێڵەکی و پیاوسالاریی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، وایکردووە ژنان مافی یەکسان نەدرێت بە ژنان و درفەتیان پێ نەدراوە لە سیاسەت و بڕیاردان ڕۆڵیان هەبێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی یەکسانی نێوان پیاوان و ژنانە، لەکاتێکدا ژنان توانای زۆریان هەیە.
باسی لەوەشکرد، لەهەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی یەکسانیی و مافی ئازادیی ژنان، هەبوونی گرفتە سیاسیی و داراییەکان وایکردووە ژنانی کورد مافەکانیان پێ نەدرێت، بەپێویستی دەزانێت، ژنان بە یەکدەنگی و پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان مافەکانیان مسۆگەر بکەن.
لە کۆتایدا وتیشی: وەک ژنانی کورد بەهێز تواناکانمان و یەکڕیزییمان دەتوانین لە ناوەندەکانی بڕیاردان ڕۆڵ و دەنگمان هەبێت، هەروەها بیر و هزری پیاوسالاریی لە کۆمەڵگەدا نەمێنێت.

دەربارەی هەمان پرس بێخاڵ فەوزی چالاکوان دەڵێت: ژنان بەشداریان لە تێکۆشانە و خەباتی نەتەوایەتی گەلی کوردا کردووە، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ هێنانەدی یەکسانی.
بێخاڵ فەوزی دەسەڵات وەک هۆکار دەبینێت بۆ ئەو نایەکسانیی و نادادییەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، چوونکە پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانیان لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە و ڕێگە نەدراوە ژنان بیریشی لێ بکەنەوە، کە ئەوەش دەرئەنجامی قوڵبوونەوەی عەقڵییەتی پیاوسالارییە.
ئەو ژنە چالاکوانە بە پێویستی دەزانێت ژنانی کورد لە ماڵەکانی خۆیان بێنەدرەوە، ئاستی هۆشیارییان بەرزبکەنەوە، لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و یەکسانیدا بێدەنگی هەڵنەبژێرن، بەڵکوو یەک دەنگ و یەکڕیزبن بۆ مسۆگەرکردنی مافی یەکسانی.
ش. ئـ
Comments are closed.