زرنگانەوەی گوێ چییە و هۆکارەکانی درووستبوونى چین؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر دیلان عارف دەڵێت: زرنگانەوەی گوێ کە پێی دەوترێت (tinnitus) نەخۆشی نییە، بەڵکوو دەکرێ نیشانەیەک بێت بۆ بوونی نەخۆشییەک، کە بریتیە لە بیستنی دەنگی شێوە فیکە یا هاژە هاژ یا خشەخش، چەند هۆکارێکى هەیە لەوانەش ئازار گەشتن بە دەمارەکانى بیستن و تەمەن.

دکتۆر دیلان عارف، پسپۆڕى نەخۆشیەکانى قوڕگ، گوێ و لوت لە نووسینێکدا ئاماژە بە زرنگانەوەى گوێ و هۆکارەکانى درووستبوونى و ڕێگاى چارەسەرکردنى دەکات و دەقى نووسینەکەشى بەمجۆرەیە:-

زرنگانەوەی گوێ چییە؟

زرنگانەوەی گوێ، کە پێیەوترێت (tinnitus) نەخۆشی نییە، بەڵکوو دەکرێ نیشانەیەک بێت بۆ بوونی نەخۆشییەک، کە بریتیە لە بیستنی دەنگی شێوە فیکە یا هاژە هاژ یا خشەخش.

هۆکارەکانى درووستبوونى زرنگانەوەى گوێ کامانەن؟

یەکەم– باش کارنەکردنی جۆگەی ئۆستاکی.

دووەم– ئازارگەیشتن بە دەمارەکانی بیستن.

سێیەم– هەوکردنی گوێی ناوەڕاست.

چوارەم– داخرانی كەناڵی دەرەوەی گوێ بەهۆی ماددەی مۆمى.

پێنجەم– بوونی ئێسکی زیادە لە گوێی ناوەڕاستدا.

شەشەم– نەخۆشی خەمۆکی و کەمخەوی.

حەوتەم– تەمەن، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە، هەستی بیستن کەم دەبێتەوە و زۆر جار بەهۆیەوە کەسەکە تووشی زرنگانەوەی گوێ دەبێت.

چارەسەرى زرنگانەوەى گوێ بە چى ڕێگایەک و چۆن دەکرێت؟

بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بە تەواوی هۆکارەکە دیاری بکات پاشان چارەسەری پێویستی حاڵەتە بکرێت.

ئـ.م

Comments are closed.