کێ لەسەر کورسییەکەى حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق دادەنیشێت؟

بنار هیدایەت

دوای بڕیارەکەى دادگای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەى  محەمەد حەلبووسی لە ئەندامییەتى پەرلەمان، ئێستا پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە ، ئەگەرچی جێگرەکانى کارەکان ڕایی دەکەن و بۆشایی سەرۆک درووست نابێت، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئەمە کاریگەری نەرێنى لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق و کارەکانى خودی پەرلەمان دەبێت، ئێستاش هەوڵەکان بۆ دانانی سەرۆکێکی نوێ لە سوونەکان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانى عیراق دەستیپێکردوە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبووسی لە ئەندامییەتى پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوورخستەوە، ئەوەش کاردانەوەیەکى زۆری لە شەقامی سیاسی عێراق بەدوای خۆیدا هێناوە، ئێستا پەرلەمان بێ سەرۆکە و هەمووان بەدوای ئەوەوەن سەرۆکێکی نوێ لە سنوونەکان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن.

تەنها هەفتەیەك ماوە بۆ پشووی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا كۆبوونەوەكانی سوننە بەردەوامییان هەیە، ئەگەر حزبی تەقەدوم كە حەلبووسی سەرۆكایەتی دەكات پۆستەكە وەرنەگرێتەوە، لیستی عەزمی خەمیس خەنجەر مافی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە. بەپێی فەقەرەی یەك لە ماددەی ٣٥ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان جێگری یەكەم دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەبات.

 پێشبینی دەكرێت دانانی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بكەوێتە دوای پشووی یاسایی پەرلەمانەوە، چونكە تەنها یەك هەفتە ماوە بۆ وەرگرتنی ئەو پشووە، ئەم هەفتەیە دانیشتنەكان تەنها پەیوەستە بە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.

كشانەوەی خەمیس خەنجەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق پەكدەخات

تا ئێستا خەمیس خەنجەر سەرۆكی لیستی عەزم لەپەرلەمان نەكشاوەتەوە، بە ئەگەری كشانەوەی خەنجەر بارودۆخی عێراق بەجۆرێك خراپ دەبێت چاكبوونەوەی مەحاڵ دەبێت، چونكە هاوپەیمانی  ڕێكەوتنی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێكەوتنەكان، لادانی حەلبوسی ئەو خەنجەرە بوو لە پشتی سوننە درا لەم كاتەدا، چونكە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدایە، كوتلەی سوننی خۆی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئامادە دەكرد.

 تا ئێستا سوننە ڕێكنەكەوتووە لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، لایەنە سوننیەكان لە كۆبوونەوەی بەردەوامن.

حەلبوسی بەجۆرێك هەژموونی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا دیاریكردبوو، ڕێگەی نەداوە كەسێك وەك شوێنگرەوەی بناسرێت و چاو بچێتە سەری، پۆستەكە لەهەموو حاڵەتەكان بۆ سوننەیە و گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی  هاوپەیمانی سیادەیە و ئەویش حەلبووسی و خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكەن، بە ڕێكەوتن لەناو خۆیاندا پۆستەكە وەردەگرێتەوە.

ئایا عوبەیدی و سامەڕائی و كەربولی لە فلتەری نەزاهە دەردەچن؟

هەرچەندە ئێستا لە ناوەندەكانی ڕاگەیاندنی عێراقیدا ناوی هەر یەك لە خالید عوبێدی و موسەننا سامەڕائی و محەمەد كەربولی ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق هەیە، بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ڕۆژنیوز، هەر یەك لە عوبێدی و كەربولی و سامەڕائی لە دەستەی نەزاهە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییان لەسەرە، چونكە هەر كەسێك لەدادگای فیدراڵییەوە ناوی هێنرابێت و تانەی لەسەر بێت هیچ پۆستێكی سیادی وەرناگرێت.

گەورەترین دەسەڵات لەعێراقدا دادگای فیدراڵییە، بەلەناوچوونی دەسەڵاتی عێراقی حەلبووسی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و كاری سیاسی،چونكە بە فلتەری دەستەی دەستپاكی دا تێدەپەڕێت، چاوەكان ئێستا لەسەر زیاد جەنابی بەربژێری لیستی تەقەدوومە، ئەگەر حەلبووسی حزبەكەی لە پڕۆسەی سیاسیی نەكشێنێتەوە و كاندیدی هەبێت تەنها زیاد جەنابییە، ئەگەر نا عەزم كاندیدی دەبێت بۆ ئەو پۆستە.

پەرلەمان كۆكەرەوەی هەمووان

ئەگەر شوێنێك هەبێت هەموو نەتەوە و زمان و پێكهاتەكانی تێدا كۆبكاتەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەجۆرێك لەناو ئەو هۆڵە كێشەكان چارەسەردەكرێن، زۆرجاریش كێشە لەناو ئەو هۆڵەوە بۆ شەقامی سیاسیی دەگوازرێتەوە وەك ئەوەی بەسەر محەمەد حەلبوسی هات، كێشەكە لە پەرلەمانەوە گەیشت بە شەقامی سیاسیی.

 ئێستا پەرلەمانێكی بێ سەرۆك، سەرۆكێكی دەكراو لە پەرلەمان چۆن دەكرێت ببێتە كۆكەرەوەی هەموو دەنگە جیاوازەكان؟

هـ.ح

Comments are closed.