ناوەندی هەواڵەکان
توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی دەردەخات کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ١٠ ساڵ زووتر ڕوودانی جەڵتەی دڵ لە کەسێکدا پێشبینی بکات و دەستنیشانی بکات، کە ئایا کەسێک مەترسی تووشبوونی بەو نەخۆشییە لەسەرە یان نا.
توێژینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی دڵی بەریتانیاوە ئەنجامدراوە و لە کۆبوونەوە زانستییەکانی ئەنجوومەنی دڵی ئەمریکا لە شاری فیلادێلفیا پێشکەش کراوە، باس لە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد دەکات لە زیادکردنی وردبینی سی تی سکانی دڵدا و دەڵێت ” توێژینەوەکە دەری خستووە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت، بە دروستی پێشبینی هەزاران جەڵتەی دڵ بکات”.
لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر خارالامبۆس ئەنتۆنیادیس، سەرۆکی دامەزراوەی دڵی بەریتانیا و بەڕێوەبەری سەنتەری وێنەگرتنی زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایگەیاند، توێژینەوەکە دەری خستووە هەندێک لەو نەخۆشانەی کە بە ئازاری سینگەوە دەچنە نەخۆشخانە و دواتر دەنێردرێنەوە ماڵەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی بە دەمارەکانیانەوە دیار نەبێت، لە ماوەی دە ساڵدا مەترسییەکی زۆریان لەسەرە تووشی جەڵتەی دڵ ببن.
دەشڵێت “لەم توێژینەوەیەدا نیشانمان داوە کە پێشکەشکردنی وێنەیەک بە وردەکارییەوە لەو کەسانەی کە مەترسییان لەسەرە، چۆن دەتوانێت یارمەتی پزیشکەکان بدات لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو کەسانەی ڕووبەڕووی نەخۆشی دڵ دەبنەوە.”
ئەوە لە کاتێکدایە لە بەریتانیا ساڵانە نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس پشکنینی سی تی سکانیان بۆ دەکرێت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی دڵی ئەو وڵاتە، بە تێپەڕبوونی کات بەشێکی زۆریان بەهۆی تەسکبوونەوەی بچووکی دەمارەکانی دڵیانەوە کە لە وێنەکاندا دەستنیشان نەکراوە، تووشی جەڵتەی دڵ دەبن و گیان لەدەست دەدەن.
توێژەرانی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە توێژینەوەکەیاندا داتای زیاتر لە 40 هەزار نەخۆشیان لە هەشت نەخۆشخانەی جیاوازی بەریتانیا شیکردووەتەوە کە بە شێوەیەکی ڕۆتینی سی تی سکەنیان بۆ کراوە. ئەوان ئامێری زیرەکی دەستکردیان لەسەر 3393 نەخۆش بۆ ماوەی نزیکەی هەشت ساڵ تاقی کردووەتەوە و ئەنجامەکان دەریان خستووە کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بە وردی پێشبینی مەترسی جەڵتەی دڵ بکات.
دەستەی توێژەران لە توێژینەوەکەیاندا دەڵێن بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان دەرخەری تەسکبوونەوەی بەرچاوی خوێنبەرەکانیان بووە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاتر بووە، بەڵام زیاتر لەوانیش ئەو نەخۆشانەی کە هیچ تەسکبوونەوەی بەرچاویان لە خوێنبەرەکانیادا نەبووە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ لە داهاتوودا هەبووە کە لە هەندێک حاڵەتدا کوشندە بووە.
توێژەران دەڵێن هیوادارین ئەم تەکنۆلۆژیایە لە کۆتاییدا لە سەرانسەری سیستەمی تەندروستی بەریتانیا جێگیر بکرێت و یارمەتی ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران کەس بدات کە ڕەنگە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لەدەست بدەن.
ر.س
Comments are closed.