ناوەندی هەواڵەکان
بەپێی وتەى پسپۆڕانى بواری دەروونى، کەسانێک هەن کە تێکچوونی دەروونی وەرزییان هەیە کە جۆرێکە لە خەمۆکی و ساڵانە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکان لە یەک کات و ساتى دیاریکراودا ڕوو دەدات و دەست پێ دەکات، بۆ نموونە کەسانێک خەمۆکیان لەگەڵ پایز هەیە، ئەوا لە یەکەم ڕۆژی پایزدا ئەو کەسە تووشی خەمووکی دەبێت بە کۆتاییهاتنى وەرز خەمۆکییەکەى کۆتایی دێت، بە هەمان شێوە بۆ وەرزەکانى دیکەش.
ئەوانەى ئەم جۆرە خەمۆکییەیان هەیە، بێ ئەوەى هەست بە خۆی بکات وزەى جەستەی کەم دەکات و هەست بە خەمۆکى و قورسى باری دەروونیی دەکات، ئەم نیشانانە زۆرجار لە مانگەکانی بەهار و هاویندا چارەسەر دەبن، هەندێک جار پێچەوانە دەبێتەوە لە هەندێک کەسى تردا، لە بەهار یان سەرەتای هاویندا نەخۆشییەکە سەرهەڵدەدات و لە مانگەکانی پایز یان زستاندا کۆتایى پێ دێت.
ئەم جۆرە خەمۆکییانە لەوانەیە بە خۆدانە بەر ڕووناکى یان وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى کۆتایی پێ بێت. ئەگەر پێى دەزانیت کە ساڵانە هەمان بارودۆخت بەسەردا دێتەوە، لە خۆتى قورس مەکە، بیرت لاى ئەوە بێت کە نەخۆشییەکە کاتییە و وەرزەکە کۆتایى هات ئەویش تێدەپەڕێت.
نیشانەکان
بە گشتى نیشانەکانى نەخۆشییەکە لەگەڵ سەرەتاى دەستپێکردنى وەرزەکاندا بە سوکى سەرهەڵدەدات و لە ناوەڕاستى وەرزەکەدا سەخت دەبن و لە کۆتاییەکەشدا وردە وردە نیشانەکانى سوک دەبن و نامێنیت.
بەشێک لە نیشانەکانى خەمۆکی وەرزیی:
– هەستکردن بە بێ تاقەتى، دڵتەنگی یان خەمباری.
– هەمیشە ئارەزووی ئەو خواردنانە دەکەن کە کاربۆهیدراتى تێدایە و زیادەڕۆیی لە خواردن دەکەن و کێشیشتان زیاد دەبێت.
– بە بەردەوامى خەوت دێت.
– ناتوانن بە وردى سەرنج بدەنە هیچ شتێک.
– لەدەستدانی ئارەزووی ئەو چالاکییانەی کە ڕۆژانى تر چێژت لێ وەرگرتووە.
– لەشت بێ بەش نابێت لە کەمی وزە و لەش داهاتن و خاوبوونەوە.
-بێ هیوا دەبن لە ژیان، هەمیشە هەست بە تاوانبارى خۆتان دەکەن.
– هەندێک جار بیر لەوە دەکەنەوە ژیانکردن بێ مانایە و هیچ سودێکى نییە.
ئایا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت؟
ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێک هەستت بە بێزارى و توڕەیى کرد و هیچ پاڵنەرێکت نەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە پێشتر بە شێوەیەکی ئاسایی چێژت لێ وەردەگرت، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشکى پسپۆڕ بکەیت.
زۆر گرنگە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت بە تایبەتی ئەگەر شێوازی خەوتن و ئارەزووی خواردنت گۆڕا یان بۆ ئەوەى تۆزێک ئاسوودە بیت و پشویەک بدەیت ڕوو لە خواردنەوەى مادە سەرخۆشکەرەکان بکەیت.
هـ.ح
Comments are closed.