چۆن غەزە نیشانیداین حکومەتی هەرێم داردەستی تورکیایە؟

کەمال چۆمانی

غەزە ٤١ کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی، پانییەکەی شەش بۆ ١٢ کیلۆمەترە، هەروەها ڕووبەرێکی ٣٦٥ کیلۆمەتری چوارگۆشەی هەیە کە لەو ڕووبەرە سەرووی دوو ملیۆن کەس تێیدا دەژیێت.

هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەدایە، درێژییەکەی سەرووی ٦٠٠ کیلۆمەترە، پانییەکەی سەرووی ٢٠ بۆ سی کیلۆمەترە -بەپێی شوێن دەگۆڕێ-. ڕووبەرەکەی نازانرێ، دوو ژمارەکەی سەرەوەش سەداسەد نییە و تەنها هەڵسەنگاندنە.

لەو هەرێمەی پەکەکە دەژیێت، بارەگاکانیان لەناو قوڵایی شاخەکاندایە و لە ئاوایییەکان دوورن.

تا ئێستا هیچ عەرەبێک و دەوڵەتێکی عەرەبی، تەنانەت ئەوانەی دوژمنی حەماسیشن وەک سعودیە، جورئەتیان نەکردووە شەرعییەت بدەنە کوشتنی هاوڵاتییە بێگوناهەکانی غەزە و حەماس تۆمەتبار بکەن کە بارەگاکانیان لەناو خەڵکدایە. هەرکەسێکیش قسەیەکی وا بکات، بۆ ئەبەد خۆی ڕیسوای بەردەم گەلی فەڵەستینی و عەرەب دەکات. فەڵەستینییەکانیش، ئەوانەشی کە دژی حەماسن، تا ئێستا مەگەر دەنگێکی ناشیرین، ئەگەرنا کەسیان حەماس تۆمەتبار ناکەن کە بووبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل فەڵەستینییە بێگوناهەکان بکوژێت.

کەچی لای خۆمان، حکومەتی هەرێم و بەشێک لە ئیسلامییەکان و پارتی و بەشێکی خەڵکی دیش، پەکەکە تۆمەتبار دەکەن لە هەر کاتێکدا تورکیا هێرشی کردبێتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا-پەکەکە کە زۆربەی جار خەڵکی بێگوناهـ بۆتە قوربانیی کە زۆر دوورە لە بارەگاکانی پەکەکە. هەموومان دەزانین تورکیا بۆیە خەڵکی بێگوناهـ دەکوژێ تا فشار بکاتە سەر پەکەکە و خەڵکی ئاوایییەکان ناوچەکانیان جێ بهێڵن، بەڵام تا ئێستا یەک جار چییە بەیاننامەکانی حکومەتی هەرێم و پارتی و هەندێک جار ئیسلامییەکانیش، بە ئاڕاستەی تورکیا نەبوونە بێشەرمانە گوتوویانە پەکەکە هۆکاری هێرشەکانی تورکیایە.

ڕاستە وڵاتانی عەڕەب شتێکی ئەوتۆیان بۆ گەلی فەڵەستین نەکردووە و هەمیشە قەزیەکەیان بۆ خۆسەپاندن لە ناوخۆ بەکارهێناوە بە بیانووی هەڕەشەی ئیسرائیل و بێوەفا و بێکردەوەش بوونە بەرانبەریان، بەڵام ڕاستییەک هەیە کە شەرعییەت نادەنە دەوڵەتی ئیسڕائیل بۆ کوشتنی خەڵکی بێگوناهـ و سڕینەوەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی فەڵەستینییەکان وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی و هەندێک جار خەڵکی ئیسلامی و خەڵکی دیش لە هەرێمی کوردستان دەیکەن.

ئەوەی لە غەزە ڕوودەدات، بە شێوەی تر چەند ساڵێکە تورکیا لە بەرانبەر پەکەکە و خەڵکی بێگوناهی سنوورەکان و ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان ئەنجامیدەدات، بە تایبەت لەدوای کۆدەتاکەی ٢٠١٦ و هاوپەیمانێتی فاشیزمی نەتەوەپەرستی تورک و ئیسلامییەکان، بەڵام تەنها حکومەتی هەرێم و پارتی و میدیاکەی و هەندێک ئیسلامی لە وێنەی عەلی قەرەداغی و جارجاریش کۆمەڵ و یەکگرتوو، شەرعییەتیان داوەتە شەڕی تورکیا بەرانبەر گەلی کورد و پەکەکەیان تۆمەتبار کردووە لە بەرانبەر کوشتن و قەتڵوعام و داگیرکاریی.

Comments are closed.