کەرکووک
بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، کە ڕۆژی جیهانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە بارەگای ڕژاک لە کەرکووک، سیمینارێک پێشکەش کرا و لە سیمینارەکەدا، باس لە چەندین جۆری توندوتیژی دژ بە ژنان کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک بە ئامادەبوونی ژنان و گەنجان لە بارەگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، بە درووشمی “لە دژی ڕەشەکوژی ژنان، بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، لە تێکۆشان بەردەوام دەبین” شادی سەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و ئەندامی ڕێکخراوەکە، سیمینارێکی پێشکەش کرد.
سەرەتای سیمینارەکە بە ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان ڕێگای ئازادی دەست پێ کرد، جۆرەکانی توندوتیژی بۆ ئامادەبووان باس کرا و ئاماژە بە قارەمانێتی ژنی کورد و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی ژنان کرا، هەروەها بەشێک لە شەهیدانی ژن و دەستی تیرۆر، بە بیر هێنرانەوە.
لە سیمینارەکەدا شادی سەمەد وتی: لەڕێی تیڤی و دراماکانەوە لەم هەرێمەدا، داگیرکەران عەقڵی خۆیان دەسەپێنن و مێشکی خەڵک ژەهراوی دەکەن و بەئاسانی دەچنە هەموو ماڵێک و تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە، کۆمەڵگەی نا هۆشیار هەر زوو کاریگەر دەبێت بەو شتانەی کە ئاراستەی دەکرێت، چونکە ئەو فەرمان ڕەوایەشی کە هەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەو سیاسەتە دایە کە نەیاران سەپاندوویانە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕێگا واڵا دەکەن کە خەڵک بە لاڕێدا ببرێت، ئەو شوێنانەی کە بۆ کڕین و فرۆشتنی ژنان دانراوە دەسەڵات بە ئاسانی دەتوانێت ڕایان بگرێت، بەڵام بۆ سەرقاڵ کردنی خەڵک هیچ هەنگاوێک نانێت.
ئاماژەی بە جۆرێکی دیکەی توندوتیژی کرد وتی: مادەی هۆشبەر یەکێکی ترە لەو مەترسییانەی کە یەخەی گەنجانی گرتووە، ئامانج لێی بێ هۆش کردنی چینێکی هەرە گرنگی کۆمەڵگایە کە ئەویش گەنجانن، کە ڕۆڵیان دەبێت لە گۆڕانکارییەکان بەڵام لەڕێی مادەی هۆشبەر و نێرگەلە و کڕین و فرۆشتنی ژنان و سەرقاڵکردنیان بە بێ کاری و بێ ڕۆڵی و کۆچکردنی گەنجان ئەو ڕۆڵە گرنگەیان لە بار براوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، ڕۆژانە ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن، ئەو بۆردوومان و تیرۆرانەشی هەیە لە خاکی خۆمان، هەمان ئەو عەقڵەیە کە دژی ژن بەکاری دەهێنن.
ر.س
Comments are closed.