لەبارەى درووستبوونى لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم هۆشداریی دەدرێت

ناوەندى هەواڵەکان

کەشناسى هەرێم بڵاوى کردەوە، لە سبەینێوە شەپۆلێکى بارانبارین ڕوودەکاتە ناوچەکانى هەرێم و ڕۆژى دووشەممە کاریگەرییەکەى زیاتر دەبێت و مەترسى درووستبوونى لافاو لە چەند ناوچەیەکى سنوورى هەریەکە لە پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک هەیە.

بەشی پێشبینییەکانى کەش و هەوا لە وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى ماوە بەسەرچووى هەرێمى کوردستان لەبارەى هاتنى شەپۆلێکى بارانبارین و درووستبوونى لافاو لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

 لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی کاریگەرىی نزمە پاڵەپەستۆى دەریای سپى ناوەڕاست لەسەر هەرێمى کوردستان پێشبینى دەکرێت، کەوا سبەى باران بارین لەسەر تەواوى ناوچەکەمان بە شێوەى مامناوەند دەست پێ بکات و لە کاتەکانی شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى ئاماژە پێکراو قووڵتر دەبێتەوە ڕێژەى دابارینەکە زیاد دەکات هەندێ جار هەورە تریشقەى لەگەڵدا دەبێت.

دەشڵێن، لەگەڵ هاتنى ئەو شەپۆلى بارانبارینە خێرایی با چالاک دەبێت بۆ سەرووى ٣٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و سەرەتا لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دەست پێ دەکات و پاشان کاریگەرییەکەى درێژ دەبێتەوە بۆ سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان .

باس لەوەش کراوە، لە بەیانى ڕۆژى دووشەممە لەگەڵ بەهێزبوون و چالاکبوونى کاریگەرى ئەو شەپۆلى باران بارینە بە شێوەى لێزمە باران دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ ناوچەکانى هەرێمى کوردستان وەکو ئامێدى، چمانکێ، شێڵادزێ، سەنتەرى پارێزگاى هەولێر، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان، مەیدان.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە پاشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممەوە باران بارین مام ناوەند دەبێت و بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت و پلەکانى گەرما بە شێوەیەکى بەرچاو  دادەبەزێت، کە لە نێوان پێنج بۆ هەشت پلەى سیلیزى دەبێت.

لە کۆتاییدا هاتووە، کاریگەرى ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە تا ئێوارەى ڕۆژى سێشەممە بەردەوامى هەیە و باران بە شێوەى پچڕ پچڕ دەبارێت.

ئــ.م

Comments are closed.