باران گەرمیانی
لەبارەی ئازادی ڕادەربڕین و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدەوە، ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی دەڵێن: بەپێی یاساکانی هەرێم و عێراقیش ڕۆژنامەنووس نابێت دەستگیر بکرێت و ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد بۆ کپکردنی دەنگی ئازادە، دەشڵێن: ئازادی لە هەرێم بەرتەسک کراوەتەوە، بە جۆرێک، کە ڕۆژنامەنووسان نەتوانن بە ئازادی گەندەڵییەکانی دەسەڵات بهێننە بەرچاو.
ماوەى ٢٧ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک و بەبێ بڕیاری دادگا ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لە پاش شەش ڕۆژ درەنگانی شەوی ٣٠ـی مانگى ڕابردوو، ئاسایشی دهۆک ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستی بڵاوکردەوە و دانی پێدا نا، کە ڕفاندوویانە، هەر زوو ئەم ڕەفتارەی ئاسایشی پەدەکە لەلایەن ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانەوە بە سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین پێناسە کرا.

لەو بارەیەوە، بەرهەم لەتیف، ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت: ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە، یەکێکی دیکەیە لەو تاوانانەی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووس و دەنگە ئازادییخوازەکان دەیکات، بەپێی یاساکانی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێم و عێراقیشدا، ڕۆژنامەنووس نابێت دەستگیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بپارێزرێت.
وتیشی: ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد بەدەر لەو تۆمەتانەی بۆی درووستکراوە، کپکردنی دەنگی ئازادە و فشارە لەسەر ئاژانسی ڕۆژنیوز، بۆیە دەبێت ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکاران، لەم کەیسەدا بە دەنگ بێن و ڕێگە نەدەن دەسەڵاتی هەرێم بەم شێوازە پێشێلکاریی لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و کایەی ڕۆژنامەنووسیدا بکات.

هەروەها، شاتوو محەمەد، ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدی گەڕاندەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە ڕواڵەتەی یاسادانان، کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و وتی: چەندین نموونەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانمان هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە، کە ویستوویانە تەنها دەست بخەنە سەر ئەو گەندەڵییانەی لە باشووردا هەیە، لێرە ئازادیی بە شێوەیەک بەرتەسک کراوەتەوە، کە ڕۆژنامەنووس ناتوانێت بەبێ ترس لە ژیانی کاری خۆی بکات و گەندەڵییەکانی دەسەڵات بهێنێتە بەرچاو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕاگەیاندنی ئازاددا کار دەکەن بەردەوام هەڕەشە و فشاریان دەکرێتە سەر، وەک تیرۆرکردنی وەدات حسێن، کە تا ئێستا بکەرانیشی دەستگیر نەکراون، هەر تاوانبارێکیش، کە دەستگیر نەکرێت بێگومان دەسەڵاتی لە پشتەوەیە، ئازادی ڕادەڕبرین لە باشووری کوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان بوونی نییە، گەر کار لەسەر گەندەڵییەکانی دەسەڵاتیش بکرێت ئەوە ژیانت دەکەوێتە مەترسیییەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، کابینەى نۆیەم کابینەیەکە، کە تەنها بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە، ئەمەش مایەی نیگەرانییە بۆ هاوڵاتییان، چونکە ئەم کابینەیە نەک تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڵکوو بۆ تەواوی هاوڵاتییانیش مەترسییە، چەندین قەیران و کێشە و گرفتییان تووشی هاوڵاتییانیش کردووە.
ئـ.م
Comments are closed.