ناوەندی هەواڵەكان
وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین نوێترین ئاماری قوربانییەكانی غەزەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ١٢ هەزار و ٣٠٠ هاوڵاتیی فەڵەستینی گیانیان لەدەست داوە، ئیسرائیلیش دەڵێت: زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ هاوڵاتیی ئیسرائیلی گیانیان لەدەست داوە.
وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستیندا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە ١٢ هەزار و ٣٠٠ كەس لە غەزە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٣٢ هەزار كەس، كە پێنج هەزار كەسیان منداڵن و سێ هەزار و ٣٠٠ كەسیان ژنن.
ئاماژە بەوەش كراوە، تا ئێستا بە هەزاران كەس بێسەرشوێنن، نزیكەی ٢٠٠ كارمەندی تەندرووستیش كوژراون، هەروەها ٥٦ ڕۆژنامەنوسیش كوژاروە و ٣٠ ڕۆژنامەنووسیش بریندار بوون و لە ٧٥٪ قوربانییەكان ژن و منداڵن.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستیندا هۆشداریی لە نەمانی دەرمان و كارەبا لە نەخۆشخانەكان دەدەن.
وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، كە ٣٠٨ـیان سەرباز بوون و نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.
لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی رابردوو چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە سەدان كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.
هـ.ئ
Comments are closed.