حووسییەکانی یەمەن کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیلیان لە دەریای سوور رفاند

ناوەندی هەواڵەکان

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگریان لە باشووری دەریای سووردا گرتووە لە کاتێکدا لە تورکیاوە بەرەو هیندستان دەڕۆیشت، ئەمە ڕووداوەیان بە “ڕووداوێکی زۆر قورس لەسەر ئاستی جیهانی” ناو برد.

ئێوارەی ئەمڕۆ حووسییەکانی یەمەن کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیلیان لە دەریای سوور ڕفاند، کە لە تورکیاوە بەرەو هندستان دەڕۆیشت.

لە بڵاوکراوەیەکدا سوپای ئیسرائیل بەبێ ئەوەی ناوی کەشتییەکە بهێنێت ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ ئیسرائیلییەکی لەنێو تیمەکەیدا نەبووە.

هاوکات لە ڕاگەیەندراوێک بە ناوی ئەنساوڵای حوسی بڵاوکرایەوە، کە باس لە دەست بەسەر داگرتنی کەشتییەکی ئیسرائیلی دەکات، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کەشتییەکە ناوی (گالاکسی لیدەر)ە و ٢٢ هاووڵاتی هەڵگرتووە، هەندێک سەرچاوەی هەواڵ خاوەنداری کەشتییەکە بۆ ڕامی ئۆنجر، دەگەڕێننەوە کە دەوڵەمەندێکی ئیسرائیلییە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆس، کە لە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە وەری گرتووە، حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک کە بەشێک لەو کەشتییە خاوەندارییەکەی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە و دەستیان بەسەرداگرتووە، ئێستا تەلئەبیب لێکۆڵینەوە لە دیار نەمانی ئەو کەشتییە دەکات لە دەریای سووردا.

پێشتر یەحیا ساریا، وتەبێژی حووسییەکانی سەر بە ئێران ڕایگەیاندبوو، کە گرووپەکە هەموو ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە خاوەنی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن یان بەڕێوەی دەبەن یان ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵگرتووە.

ساریا داوای لە هەموو وڵاتان کرد ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان کە لەسەر ستافی هەر کەشتییەکی لەو جۆرە کار دەکەن، بکشێننەوە.

ر.س

Comments are closed.