یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە کەرکووک بەڕێوەچوو

کەرکووک

بە ڕێپێوان و چەندین چالاکی هونەری جۆراوجۆر فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەشێکی زۆری هونەرمەندانی ناوخۆ و دەرەوە ئامادەی بوون، هاوکات دوو شانۆی گرووپە ناوخۆییەکانی شارەکە لە فێستیڤاڵەکە نمایشیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی ناوخۆی کەرکووک و کوردستان و عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری هەرێم حەمەی حەمە سەعی و هونەرمەندانی بە ئەزموون لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و ئیتاڵیا و چەندین وڵاتی دیکە دەستی پێ کرد.

فێستیڤاڵەکە بە مەراسیمێکی جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بە دەهۆڵ و زوڕنا و تابلۆی هەڵپەڕکێ هونەر دۆستان لەناو شەقامە گشتییەکان بە ڕێپێوان بە گۆرانی و میوزیکەوە لە باخچەی قەڵای کەرکووکەوە بۆ ناو سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکووک، بەڕێکەوتن و بە شانۆیەکی موختار محەممەدی پێشوازی لە ئامادەبووان کرا، کە باسی لە منداڵە کوردەکان دەکرد، کە هەمیشە دەبنە قوربانی کۆمەڵکوژی داگیرکەران و جیهانی نێودەوڵەتی لە ئاست کۆمەڵکوژییەکان بێدەنگن.

لە بەردەوامی مەراسیمەکەدا، نەژاد نەجم، سەرۆکی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە کەرکووک، بە وتەیەک بەخێرهاتنی میوانانی فێستیڤاڵی کرد و سوپاسی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستانی کرد، کە پشتیوانی لە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی ئەمساڵ کردووە، بڕی ٣٧ملیۆن دیناری تەرخان کردووە، پاشان وەزیری ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکووک، وتاریان پێشکەشی ئامادەبووانی فێستیڤاڵ کرد، هاوکات ڕێزلێنان بەخشرایە چەندین هونەرمەند، لەوانە هونەرمەندی ژن، هەوار فارس، و ئاڵا عومەر، لە هونەرمەندانی دیکەش نزار سەلامی و ئەحمەد سالار و چەندین هونەرمەندی دیکە ڕێزیان لێ گیرا.

پاش کۆتایی هاتنی مەراسیمی فێستیڤاڵ، دوو گرووپی شانۆیی لە ناوخۆی کەرکووک لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، نمایشیان ئەنجامدا و یەکەمیان بە گرووپی ستەیج بە شانۆیی “هەزەی نیشتمانی”، کە لە لایەن عیماد مەهدییەوە کاری دەرهێنانی بۆ کرا بوو، شانۆیەکی کۆمیدی بوو، باسی لە سیستەمی گەندەڵی دەکرد لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، شانۆیی دووەم بە ناوی “هەڕاج” بوو، بەرهەمی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکووک بوو، باسی لە خواستی پاوانخوازی بۆ دراو دەکرد، کە بووە بە هۆکاری کێشەیەکی زۆر لە ناوچەکەدا.

فێستیڤاڵی شانۆی شەقام لە کەرکووک، بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیکە بەردەوام بێت، لە شوێنە جیا جیاکانی کەرکووک، ڕۆژانە نمایشەکان لە کاتژمێر١٠ی بەیانییەوە دەست پێ دەکات.

ر.س

Comments are closed.