ناوەندی هەواڵەکان
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئەمشەو ئاماری نوێی کەرتی غەزە و کەرتی ڕۆژئاوای ڕاگەیاند کە ژمارەی مردووان گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢ هەزار کەس و نزیکەی ٣٣ هەزار کەس بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی لە غەزە لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بۆ حەوتەمین ڕۆژی لەسەریەک ڕووبەڕووی کێشەی گەورە بوونەتەوە لە بەدەستهێنانی داتای نوێکراوە، بەهۆی پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان و داڕمانی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکانی باکو.
ئەوەی خستووەتە ڕوو، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەزە، گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢ هەزار و ٤١٥ کەس کە نزیکەی پێنج هەزار منداڵ، سێ هەزار و ٢٥٠ ژن، ٦٩٠ کەسی بەساڵاچوویان تێدایە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٢٩هەزار و ٥٠٠ کەس.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی فەلەستین، ئاوارەکانی باکووری غەزە باسیان لە بوونی تەرمی مردوو لە شەقامەکاندا کردووە، جگە لەوەش تا ١٥ی ئەم مانگە زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی بێسەروشوێنن کە دوو هەزاریان منداڵن.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی غەزە، ٢٠٥ کارمەندی تەندروستی و ٣٦ کارمەندی بەرگری شارستانی کوژراون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ٢١٥ کارمەندی تەندروستی برینداربوون، زیاتر لە ٦٠ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش هێرشیان کراوەتە سەر و ٥٥ ئۆتۆمبێلیان زیانیان بەرکەوتووە و بەتەواوی لەکارکەوتوون.
وەزارەتی تەندروستی لە غەزە ئاشکراشی کردووە، ٢٦ نەخۆشخانە لە کۆی ٣٥ نەخۆشخانەی غەزە و ٥٢ کلینیک لە کۆی ٧٢ کلینیکی چاودێری تەندروستی لە خزمەتکردن دەرچوون، واتە زیاتر لە دوو لەسەر سێیی ناوەندە تەندروستییەکان، بەهۆی ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی بۆردوومان یان نەبوونی سووتەمەنی کارەکانیان وەستاندووە.
ر.س
Comments are closed.