ناوەندی هەواڵەكان
ئەندامێكی پەرلەمان ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی سێیەم دانیشتنی نائاسایی دەكات، كە بڕیارە ڕۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، دەشڵێت، یاساكە چارەسەری كێشەكان دەكات، كار و تەمەنى كۆمسیۆن درێژ دەكاتەوە.
محەمەد كەریم بەلداوی جێگری سەرۆكی لیژنەی پلاندانانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەكان، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.
محەمەد كەریم ڕایگەیاندووە، هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆن یەكێكە لە یاسا گرنگەكان، بەو پێیەی دوو دانیشتنی نائاسایی بۆی ئەنجامدرا، ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی دیكە بۆ دەنگدان لەسەر یاساكە بەڕێوە دەچێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، گرنگی یاساكە ئەوەیە، كە كارەكانی ئەنجوومەنی كۆمیساران درێژ دەكاتەوە، كە خەریكە ماوەی كاركردنی كۆتایی دێت، ئەگەر دەنگ لە سەر هەمواری یاساكە نەدرێت بەم شێوەیە كۆمسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تەواو بكات.
ڕوونیشی كردەوە، درێژكردنەوەكە بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت، یان تاوەكوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تەواو دەبێت و پەسەند دەكرێت، هەروەها ماددە هەمواركراوەكە تایبەتە بە تەمەنی كۆمسیۆن، كە چوار ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە.
دەشڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت، چونكە لەو ماوەیەدا دەتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات.
حكومەتی عێراق ١٨ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاری كردووە، هەروەها پاڵپشتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپات كردووەتەوە.
هـ.ئ
Comments are closed.