ناوەندی هەواڵەكان
بەڕێوەبەری گستی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە، لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە دوو هەزار و ٥١٧ باڵەخانە ئەگەری ڕووخانیان هەیە، دەشڵێت، لە ماوەی ئەمساڵدا هەزار و ٥٢٠ سەرپێچی خانوویان تۆمار كردووە، كە مەرجەكانی سەلامەتی و ئەمنیی تێدا نەبووە.
لیوا موحسین كازم، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی ژمارەی ئەو باڵەخانە و خانووانەی مەترسیی ڕووخانیان لە سەرە بۆ میدیا ناوخۆكانییەكان دەدوێت.
لیوا موحسین كازم ڕایگەیاند، لیژنەیەك لە وەزارەتی ناوخۆ پێكهێنراوە بۆ تۆماركردنی ئەو خانوو و باڵەخانانەی مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە، لیژنەكە توانیویەتی دوو هەزار و ٥١٧ باڵەخانە دەستنیشان بكات، كە مەترسی ڕووخانیان لە سەرە.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەندێك لە ئەو باڵەخانانە مەترسیدارن و بە كەڵكی ژیان نایەن، بۆیە دەبێت چۆڵبكرێن، هەروەها ڕێوشوێنی توند لەلایەن وەزارەتەوە گیراوەتە بەر بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی داڕمانی بینا یان بەكارهێنانی ئەو كەرەستەی سەرپێچیكارانەی دەبنە هۆی زیادبوونی ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە، وەك (پانێڵی ساندویچ).
ڕوونیشی كردەوە، لە ماوەی ئەمساڵدا هەزار و ٥٢٠ سەرپێچی خانوویان تۆمار كردووە، كە مەرجەكانی سەلامەتی و ئەمنی تێدا نەبووە، بۆیە ڕێنمایی ئەو باڵەخانانەی كراوە، سەرجەم ئەو پانێڵانە لاببەن و لیژنەكەشمان بەردەوام دەبێت لە پشكنینی فرۆشگا و دوكان و باڵەخانە حكومییەكان و باڵەخانەكانی كەرتی تایبەت، تا دڵنیا بێت لە پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان.
لە كۆتایشدا دەڵێت، هۆكاری داڕمانی باڵەخانەكان دەگەڕێتەوە بۆ كوالێتی بیناسازیی یان ئەو شێوازە نادرووستانەی بەكارهێنراون، جەختی لەسەر ڕۆڵی شارەوانییەكان كردەوە لە ناوچە جیاجیاكان بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كارەكانی بیناسازییەكان بكەن.
هـ.ئ
Comments are closed.