بنار هیدایەت
لە مێژووی هیچ حوكمڕانییەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا “پەدەكە”، لە ڕیزبەندی حساب بۆ نەكردنی ئەندامانی حزبەكەی پلەى یەکەمى وەرگرتووە بە جۆرێك تەنها كوڕ و باوك و برازا، یا هەرسێكیان بە یەكەوە كۆبوونەوە چارەنووسسازەكان دەكەن.
بلاسخارت و سودانی، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان، هاكان فیدان و نوێنەرانی وڵاتان، لە لایەكەوە قاسمی سولەیمانی و قائانی، مەشهەدانی و حەلبووسی، ئەمانە و سەدان شاندی دیكەی باڵا لە میانەی هاتنیان بۆ هەولێر، تەنها لەگەڵ خودی مەسعود بارزانی یا مەسروور بارزانی یا نێچیرڤان بارزانی كۆدەبنەوە، بەبێ ئەوەی یەك ئەندامی مەكتەبی سیاسیی لە كۆبوونەوەكان ئامادەییان هەبێت.
لە ئێستادا پەدەكە وەك پارتێكی كارتۆنی زیاتر تەماشا دەكرێت لەوەی پارتێكی دیموكرات بێت، چونكە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی هیچ پارتێكی سیاسیی دا نەهاتووە ئەندامەكانت بانگهێشتی كۆبوونەوە تایبەتەكان نەكرێت، بەرژەوەندی باڵای پەدەكە بەلای سێكوچكەی بارزانییەكانەوە لە هەموو شتێك و هەموو ئەندامێكیان گرنگترە.
ئەگەر ئاوڕ بدەینەوە بە كۆبوونەوەی ژووری تاریكی پەدەكە و ئاكەپە و سەرانی ڕژێمی داگیركەری تورك، دەبینین لەگەڵ هاتنی هەر بەرپرسێكی باڵای تورك بە تایبەتی ئەمنیی و ئابووریی، بە تەنها لەگەڵ هەر سێ بارزانییەكە كۆدەبنەوە و دواتر بە كۆنووسێك دەدرێت بە وتەبێژانی حزب و حكوومەت و پڕ بە پێستی خۆیان هەواڵەكە دادەڕێژن.
سەرچاوەیەك لە ناو پەدەكەوە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز باسی لەوە كرد: كۆبوونەوەكان چارەنووسسازن و دەبێت ئەوان “مەسعود بارزانی و مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی” بڕیار لەسەر كۆبوونەوەكان بدەن، ئەگەر كەسێكیان بەدڵ بێت بانگهێشتی كۆبوونەوەكانیانى دەكەن، ئەگەر نا لە پرسە ئەمنیی و ئابوورییەكەدا بە تەنها هەر خۆیان شەن و كەوی بابەتەكان دەكەن.
ئەم حساب بۆ نەكردنەی سۆرانییەكانی ناو پەدەكە لەلایەن بارزانییەكانەوە بووەتە گرێ كوێرەیەك و لەسەر دەروێشە پەراوێزخراوەكانی پەدەكە، بەڵام لە ترسی هەڕەشە و تیرۆرەوە، بێدەنگیان هەڵبژاردووە و قسەیەكیان لەسەر ئەو بۆ حساب نەكردنە نییە.
ب. هـ
Comments are closed.