گۆرانیبێژێک بووە سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین

ناوەندی هەواڵەکان

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتی ئەرجەنتین-دا، خافێر میلی ڕاستگر بە ٥٥.٩٥٪ـی دەنگەکان بووە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەرجەنتین و بەڵێنی دا لە وڵاتەکەی دۆلار بکاتە دراوی فەرمی و بانکی ناوەندیی دابخات، هەروەها سێ لە وەزارەتە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی دابخات.

شەوی ڕابردوو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەرجەنتین بڵاوکرایەوە، کە تێیدا خافێر میلی، کە خۆی وەک کەسێکی سەرمایەداری پۆپۆلیستی ڕاستگر ناساندووە، بە بەدەستهێنانی ٥٥.٩٥٪ـی دەنگەکان بووە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەرجەنتین.

میلی لە بانگەشەی هەڵبژاردن و وتارەکانیدا چەندین بەڵێنی داوە، لەوانە: دراوی فەرمی وڵاتەکە دەکاتە بە دۆلار و بانکی ناوەندیی دادەخات، هەروەها خەرجییەکانی حکومەت کەم بکاتەوە بە داخستنی وەزارەتەکانی کەلتوور، پەروەردە و هەمەچەشنی ئەرجەنتین و نەهێشتنی یارمەتییە گشتیەکان.

خافێر میلی تەمەن ٥٣ ساڵ، توانی بە دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی ئەرجەنتین ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە، هاوڵاتییانیش چاوەڕوان دەکەن میلی چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی وڵات بکات، بە تایبەت دەرهێنانی ئەرجەنتین لە قەیرانی قوڵی دارایی، کە بە شێوەیەکە لە ماوەی یەک ساڵدا ڕێژەی هەڵئاوسان ١٤٣٪ بەرزبووەتەوە و سەرباری هەبوونی چاودێری کۆمەڵایەتیی، ٤٠٪ـی خەڵکی ئەرجەنتین لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.

میلی، کە تەنها دوو ساڵ ئەزموونی کاری سیاسیی هەیە و پێشتر بازرگان بووە و چەند ساڵێکیش گۆرانیبێژی سەرەکی گروپێکی میوزیکی “ڕۆڵین ستۆن”بووە بە ناوی “ئێڤرێست”، گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا بە “درۆی ناسیۆنالیزم” پێناسە دەکات و دژی ئەوەیە مافی لەباربردن بدرێت بە ژنان، هەروەها پاپاش بە ‘شەیتان’ ناو دەبات.

لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە، شارەزایانی سیاسیی و چاودێران و ڕاگەیاندنەکان سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین بە کەسێکی نزیکی حکومەتی ئیسرائیل و هاوشێوە و نزیکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناودەبەن.

سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین لە کاتی ڕاگەیاندنی پارتەکەیدا لە ساڵی ٢٠٢١

ش. ئـ

Comments are closed.