ناوەندی هەواڵەكان
نوسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی فەڵەستین نوێترین ئاماری قوربانییەكانی غەزەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار هاوڵاتیی فەڵەستینی گیانیان لەدەست داوە و ٣٠ هەزار کەسیش برینداربوون، ئیسرائیلیش دەڵێت: زیاتر هەزار و ٤٠٠ هاوڵاتیی ئیسرائیلی گیانیان لەدەست داوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی فەڵەستین و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی فەڵەستین هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار كەس لە غەزە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار كەس، كە پێنج هەزار كەسیان منداڵن و سێ هەزار و ٣٠٠ كەسیان ژنن.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كەس لە غەزە ئاوارە بوون و ٢٢٥ هەزار خانوو و ٢٦٢ خوێندنگە و ٩٧ بینای حكومی و ٨٣ مزگەوت و سێ كەنیسە زیانی پێگەیشتووە.
وەزارەتی تەندرووستی غەزەش بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستا بە هەزاران كەس بێسەروشوێنن، نزیكەی ٢٠٠ كارمەندی تەندرووستیش كوژراون، هەروەها ٥٦ ڕۆژنامەنووسیش كوژارون و ٣٠ ڕۆژنامەنووسیش بریندار بوون و لە ٧٥٪ قوربانییەكان ژن و منداڵن.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستیندا هۆشداریی لە نەمانی دەرمان و كارەبا لە نەخۆشخانەكان دراوە.
وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، كە ٣٠٨ـیان سەرباز بوون و نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.
لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی رابردوو چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە سەدان كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.
هـ.ئ
Comments are closed.