بڕوا ئەسعەد
ژنە کاندیدێکی کورد بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەخت دەکاتەوە لە گرنگی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە، هاوکات دەڵێت، هەر ژنێک بۆ ئەو پۆستە کاندید بێت دەنگی پێ دەدەم.
جیهان ئیبراهیم ژنە ئەندازیار و کاندیدی لیستی (کەرکووک هێز و ئیرادەمانە)، کە جێگری بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووکیشە، لە دیمانەیەکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا داوا دەکات هەموو کورد بەشداریی هەڵبژاردن بکات بۆ ئەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەست پێ بکاتەوە، باس لەوەش دەکات هەر ژنێک پۆستی هەبوونێت بە باشترین شێوە کارەکانی ئەنجام داوە، هەر ژنێک بۆ پۆستی پاریزگار کاندید بێت دەنگی پێ دەدەم.
دەقی چاوپێکەوتنەکە..
ڕۆژنیوز: بەشداریکردنی کورد بە فرە لیستی چی کاریگەرییەکی خراپی دەبێت لە سەر دەنگی کورد؟
جیهان ئیبراهیم: هیوا و ئامانجی هەموو تاکێکی کوردبوو، کە هەموو لایەنەکان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن لە کەرکووکدا، بێگومان ئەگەر یەک لیستی بووایە خەڵک بە متمانەی زیاترەوە بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەڕۆشتن، بە داخەوە هەوڵەکان دەرئەنجامی نەبوو و ڕێک نەکەوتن، یەنەکە دەستپێشخەربوو هەر لە سەرەتاوە هەوڵیدا ماڵی کورد ڕێک بخاتەوە، هەمووان بە یەک لیست بەشداریی بکەن، بە داخەوە لایەنێک (پەدەکە) بووە هۆی پەرتەوازەی دەنگ و ماڵی کورد، بۆ ئەوەی یەک لیستی درووست نەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆکارێک چەند کورسیەک لە دەست بدەین، چوونکە یاساکە بە جۆرێکە، دەنگی لیستە بچووکەکان دەسووتێت.
ڕۆژنیوز: دۆخی خزمەتگوزاریی لە کەرکووک لە چی ئاستێکدایە؟
جیهان ئیبراهیم: خزمەتگوزاریی لە کەرکووک، لە ئاست پێویستی و داخوازی خەڵکی کەرکووکدا نییە، بێگوومان لە زۆر ڕووەوە کەموکوڕی هەیە، وەکوو شارەوانی و کارەبا و ئاوەڕۆ، ئامانجی سەرەکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە داهاتوو چارەسەکردنی ئەو کێشانە دەبێت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی بگەیەنێتە ئاستی پێویست لە هەموو کەرکووکدا.
ڕۆژنیوز: ئەو بارودۆخەی لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر هاتووەتە ئاراوە لە شارەکە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن؟
جیهان ئیبراهیم: بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، هیچ چاودێرییەک نەما لە سەر کار و پڕۆژەکان، دەرئەنجامەکەی دەسەڵات و حوکمی تاکڕەوی لێ کەوتەوە، هەروەها نەبوونی چاودێریی لە سەر ئەو بوودجەی بۆ شارەکە تەرخانکراوە، گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگا چاودێریکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنیانە، هەر لە تەعریب و گواستنەوەی نفوس بۆ ناو کەرکووک و چەندین بڕیاری دیکەی هاوشێوە بەهۆی نەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاوەیە.
ڕۆژنیوز: پڕۆژەتان چییە بۆ خزمەتکردنی کەرکووک؟
جیهان ئیبراهیم: وەکوو ژنێکی ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزارییدا کارم کردووە، هەمیشە لە هاوڵاتییانەوە نزیک بوومە، جەخت دەکەمەوە لە سەر دابینکردنی خزمەتگوزاریی، بۆ هەموو هاوڵاتییانی پارێزگای کەرکووک بێ جیاوازیی، لە دابینکردنی ئاو و درووستکردنی پڕۆژەی نوێ، لە ئێستادا چەندین پڕۆژەمان هەیە، کە دیزانیان تەواو بووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون، کە تەمەنیان ١٠ ساڵە لە سەر ڕەفەکان داندراون، بێگومان لە ئەنجوومەنی پارێزگا داکۆکیکار دەبین بۆ ئەوەی دۆخی کەرکووک باش ببێت.
ڕۆژنیوز: چەند گرنگە ژنان لە پۆستەکانی بەڕێوەبردنی کەرکووکدا بەشدار بن؟
جیهان ئیبراهیم: ژن دڵسۆزانتەر و ووردتر بۆ کارەکان دەچێت، هەروەها زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات بەرامبەر بە هاوڵاتییان، هەروەکوو چۆن ژن لە ماڵەوە خانەوادەکەی بەڕێوەدەبات لە هەموو ڕوویەکەوە، لە هەر شوێنێکدا ژن لە هەر پۆستێکدا بووە، سەرکەووتوو بووە، بە پێی یاسا پێویستە لە ٪٢٥ـی ژن بێت، جگە لە پۆستە خزمەتگوزارییەکان لە کەرکووک چەندین ژنی دیکە هەن پۆستییان هەیە زۆر سەرکەووتوون، ژنانی کەرکووک بە توانا و بەهێزن، دەتوانن هەموو بەرپرسیارێتیەک بگرنە ئەستۆ.
ڕۆژنیوز: هیچ کات لە عێراق ژنێک پۆستی پارێزگاری وەرنەگرتووە، ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە، ژنێک ببێتە پارێزگار؟
جیهان ئیبراهیم: هەر ژنێک بگاتە ئەنجوومەنی پارێزگا توانای ئەوەشی هەیە ببێتە پارێزگار، زۆر بە جوانی کارەکانی بکات، ڕێژەی ژنان لە ئەنجوومەن لە ٪٢٥، ئەگەر پیاوان پاڵپشتیمان بکەن و دەنگمان پێ بدەن دەتوانین پارێزگارێکی ژن هەڵبژێرین، خۆم ئامادەم، هەر ژنێکی دیکەش خۆی هەڵبژێرێت بۆ ئەو پۆستە ئامادەم دەنگی پێ بدەم.
ڕۆژنیوز: داواکاریت لە کوردی شارەکە چییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە؟
جیهان ئیبراهیم: لە ساڵی ٢٠٠٥ وە هەڵبژاردن نەکراوە لە کەرکووک، ئەمجارە زۆر گرنگە بۆ هەر کوردێک، بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆی بدات، ئەوەی بەشداریی دەنگدان نەکات بوونی خۆی دەسڕێتەوە، دەنگدانیشت هەبوونت دەسەلمێنێت، هەر گلەیی و گازندەیەکمان هەیە لە سەر ڕەفێک دایبنێین، بڕۆین دەنگ بدەین، ئەگەر ئەمجارە کورد سەر نەکەوێت لەم هەڵبژاردنە، لەوانەیە بۆ چەندین ساڵی دیکە هەڵبژاردن ڕوو نەداتەوە، ئەگەر دەنگ نەدەین پەشیمانی دادمان نادات.
ش.ئـ
Comments are closed.